یەکێتی بۆ غالب محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین: بازاڕتان لەنێو یەکێتیدا نەما

پەرلەمانتارێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەڵامی غالب محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین، پەرلەمانتارانی كوردی نەیاری هەرێمی كوردستان لە بەغدا دەداتەوە و پێیان ڕادەگەیەنێت ”بازاڕتان لەنێو یەكێتیدا نەما“.

باڵانبۆ محەمەد، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، گوتی: “پەرلەمانتار دەبێت لەگەڵ خۆی و خەڵکی خۆی ڕاستگۆ بێت، ئەگەر کەسێک وا بیر بکاتەوە بەرەنگاری چاکسازی دەبێتەوە، ڕووی ڕاستەقینەی خۆی دەردەخات، چونکە لە کاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانەوە تا ئێستا بە ‌بەردەوامی خەڵکی ڕەخنەیان ھەبووە لەوەی کە ناشەفافیەت ھەیە و‌ ھەندێک لە حزبەکان نایەکسانییان کردووە بە ئەجێندای کاری خۆیان. دیارە ئەگەر کەسانێک ئەمڕۆ ڕەخنەیان لەو چاکسازییانە ھەبێت کە کاک قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە سلێمانی دەستی داوەتێ و ڕووبەڕووی ببنەوە، ھی ئەوەیە کە ماددەیان بە دەستەوە نەماوە قسەی لەسەر بکەن“.

جەختی لەوەش كردەوە: ”ھەندێک پەرلەمانتار و لایەن بەرنامەی خۆیان لەسەر ئەوە دانابوو کە ناشەفافیەت ھەبووە، ئێستا پێیان ناخۆشە چاکسازی بکرێت، دیارە هیچیان بە دەستەوە نامێنێت قسەی لەسەر بکەن”.

داواشی لە خەڵكی كوردستان كرد، سەیر بکەن و بزانن زۆرینەی خەڵكی لەگەڵ چاکسازییەكانی سلێمانین یان کەمینە؟ گوتیشی: ”بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ کۆمەڵانی خەڵک بەبێ جیاوازی دەستخۆشی لە چاكسازییەكان دەکەن و پشتیوانیی زۆریشی ھەیە، دڵنیاشین ئەم کاروانە دەگاتە ئامانج و ئیتر ئەو لایەنانەی باسیان لە گەندەڵی دەکرد، ئەوەیان بە ‌دەستەوە نامێنێت”.

باڵانبۆ محەمەد كه‌ بۆ باسنيوز قسه‌ى كردووه‌ گوتیشی: ”پێویست ناکات غالب و سەرکەوت و ئەوان خۆیان سەرقاڵ بکەن، ئەگەر بەڵگەیەكیان هەیە با بیدەن بە ‌دەستەوە، بڵێن لە فڵانە شوێنەوە بارهەڵگری قاچاخ داخڵ كراون، بەڵام ئەوان تووشی نەخۆشی بوون، دەیانەوێت بە ‌ھەر شێوەیەک بێت خۆیان بگەیەننە دەسەڵات، یان لەو کارەی پەرلەماندا بمێننەوە، ئەوان لە بەغداوە چۆن ئاگادارن کاک قوباد ١١٢ بارهەڵگری هێناوەتە ناو هەرێمی كوردستان و عێراق، کەچی لێرە لە کوردستانەوە حکوومەت ئاگادار نییە؟ باشە ئەوە کاک قوباد داخڵی کرد، پارتی و حزبەکانی دیکە چۆن قەبووڵی دەکەن، بۆیە قسە فڕێدان لەناو خەڵکدا ھەر وا ئاسان نییە“.

ئەو په‌رلەمانتارەی یەکێتی گوتیشی: “ئەو گرووپە کە سەرمەشقیان غالب و سەرکەوتە،‌ لەنێو ئەو ململانێیانەی ناو یەکێتیی نیشتمانیدا جەوێکیان بۆ ڕەخسابوو کە ھەرچییەکیان بگوتایە لێپرسینەوەی لێ نەدەکرا، بەڵام باش دەزانن کە لەناو یەکێتیدا ئەو بازاڕەیان نەما و ئەو بابەتە کۆتایی پێ ھاتووە و ئێستا یەکێتی یەک مەرکەزیەت و یەک بڕیارە. دیارە پێیان ناخۆشە چاکسازی بکرێت و دۆخی خەڵک باش بکرێت، بەڵام خەڵک چاوکراوەیە و دەبینێت ئەم چاکسازییە لە بەرژەوەندییانە یان نا. ئەوەی دەستی دراوەتێ لە داھاتوودا خەڵک ئەنجامەکەی دەبینێت و گەل وەڵامیان دەداتەوە“.

 

لە چوارچێوەی پەلاماردانی بڕیاربەدەستانی ئێستای نێو یەكێتی لە لایەن ئەوانەی لە ڕووداوەكانی دوای ٨ی تەمووزەوە زەرەرمەند بوون، لە دوێنێوە سەركەوت شەمسەدین و غالب محەمەد هەڵمەتێكیان لە دژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەست پێكردووە كە ئێستا بەشێكی گۆڕانكارییەكانی سلێمانی بە بڕیاری ئەو بەڕێوە دەچن.

Back to top button