رەگەزنامەی هەرێم له وهڵامى هۆشيار عهبدوڵڵا: هیچ کێشەیەک لە ناردنەوەی کارتی نیشتمانیدا نيه
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستانەوە پارەی کارتی نیشتیمانی ناگەڕێندرێتەوە بەغدا، نزیکەی سێ مانگە حکومەتی فیدراڵی هیچ کارتێکی نیشتمانی نەناردووەتەوە. بەڕێوەبەری رەگەزنامەی هەرێمی کوردستانیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو دەنگۆیە “راست نییە”.
لەو بارەوە لیوا هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری رەگەزنامەی هەرێمی کوردستان گوتى: “هێچ کێشەیەک نییە و بەردەوام کارتی نیشتمانی دەگەڕێتەوە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان”.
هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، “لە 25-5-2021ـەوە بەغدا یەک کارتی نیشتمانی نەناردووەتەوە. بۆچی؟ چونکە هەرێم ئەو پارەیەی کە لە هاووڵاتیانی وەردەگرێت کە پارەی چاپی کارتەکەیە و (پێنج هەزار دینارە) نەیناردووەتەوە. بەغداش دەڵێت، ‘کارتەکان نانێرمەوە، تاوەکو پارەکە نەنێرن’. ئەمە کێشە بۆ هاووڵاتیان درووست دەکات. ئەگەر هاووڵاتیان راستەوخۆ راژەیان لەسەر حکومەتی فیدراڵ بێت، ئەو کێشانە دروست نابن”.
لەبارەی گوتەکانی ئەو پەرلەمانتارە، لیوا هێرش ئەحمەد گوتی: “دەتوانن بێن و لە نزیکەوە ببینن کە لەم رۆژانەدا چەند هەزار کارتێکمان بۆ گەڕاوەتەوە”.
لەبارەی پێنج هەزارەکەش، بەڕێوەبەری رەگەزنامەی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەوان راستەوخۆ پارەکە دەخەنە سەر حیسابی بانکیی عێراق و ئەوە “راست نییە” کە پارە نەنێردراوەتەوە.
بۆ وردەکاریی زیاتر پەیوەندی بە هۆشیار عەبدوڵڵاوە کرا، بەڵام بەردەست نەبوو. بەرپرسانی کارتی نیشتیمانیی سلێمانیش لەبارەی هەمان بابەت بە گوت: “هیچ کێشەیەکمان نییە و پێش 3 رۆژ کارتمان بۆ گەڕاوەتەوە”.
س: رووداو