سه‌رۆكی په‌رله‌مان پیرۆزبایى له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات

د.رێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌بۆنه‌ی یادی 16ی ئابدا له‌په‌یامێكدا پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆك بارزانی و مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی و سه‌رجه‌م ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پارتی ده‌کات .

ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی ..

به‌ڕێز کاك مەسعود بارزانی..

بەڕێزان لە مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموکراتی کوردستان..

به‌بۆنه‌ی (٧٥)مین ساڵیادى دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاسته‌ی به‌ڕێزتان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پارتی ده‌کەین، هیوای به‌رده‌وامیتان بۆ ده‌خوازین له‌ خه‌باتی سیاسی و تێكۆشان له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییە‌كان و به‌دیهێنانی سه‌رجه‌م خواست و داواكارییه‌ ڕه‌واكانی کوردستانیان بەگشتی.

به‌ڕێزان…

وەك دەزانن له‌ ئێستادا هه‌رێمه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ چه‌ندین پرس و ئاڵنگاریی گەورەی سیاسی، ئەمنی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ته‌ندروستی ڕووبەڕووە، هه‌موو ئەمانەش ده‌خوازن ململانێی سیاسی و بەرژەوەندیی حزبی و كێشه‌ لا‌وەکییەكان وه‌لابنێین و لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش بکەین بە بنەما بۆ یەکخستنی ڕایەڵە نیشتمانییەکان لەپێناو پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندییە باڵاکانی میللەتەکەمان و پارێزگاریکردن لە قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان، بە ئاڕاستەی وەدیهێنانی خواست و داخوازییەکانی گەلی کوردستان لە تەواوی ئاست و بوارە جیاوازەکاندا.

بۆ گەیشتن بەم ئامانجانەش پێشبینیمان ئەوەیە کە بەڕێزتان لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان و حزبە تێکۆشەر و بەرپرسیارەکانی تری کوردستان ڕۆڵی بەرپرسیارانەی خۆتان لە دوورخستنەوەی مەترسییەکانی سەر هەرێمەکەمان بگێڕن و زەمینەی نووسینەوەی دەستوورێکی گەلپەسەندی گونجاو لەگەڵ هەلومەرجی نوێی ناوخۆ و عێراق و ناوچەکە بڕەخسێنن، بە جۆرێک خواستەکانی هاووڵاتییانی کوردستان و ماف و ئازادییە گشتییەکانیان ببێتە تەوەری گشت سازان و لێکگەیشتنەکان.

جارێکی تر پیرۆزباییتان لێدەکەم، ھەر سەرکەوتوو و سەرفرازبن.

د.رێواز فایق

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

١٥ى ئابى ٢٠٢١

Back to top button