پارتی دیموکراسی و دادپەروەری، پیرۆزبایی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات

پارتی دیموکراسی و دادپەروەری ھەرێمی کوردستان، به‌بۆنه‌ی 75 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بروسكه‌یه‌كی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات.

ده‌قی بروسكه‌كه‌ی پارتی دیموکراسی و دادپەروەری ھەرێمی کوردستان:

برووسکەی پیرۆزبایی بە بۆنەی ساڵیادی (٧٥)ھەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان:

مەکتەبی ڕێکخەری گشتی (پارتی دیموکراسی و دادپەروەری) ڕێزدار ( یاسین شێخ ساڵح) بە ناوی خۆیی و سکرتاریەت و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتەکەیەوە، وە بە بۆنەی یادکردنەوەی (٧٥)ھەمین ساڵیادی ڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کە لە ڕێکەوتی (١٦ی /ئابی/١٩٤٦) داو لەم ڕۆژە مەزنەدا دەسپێکی یەکەم ڕۆژی دامەزراندنی بووە، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی ڕێزدار جەنابی کاک (مسعود بارزانی) و دەستەی سەرۆکایەتی (پ.د.ک) و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و گشت دۆستان و لایەنگران و کەس و کار و بنەماڵەی شەھیدانی ڕێگای ڕزگاری گەل و نیشتیمان دەکات کە لە پێناوی سەربەخۆیی نەتەوە و نیشتیماندا خۆیان کردە قوربانی و گیانی خۆیان بەخت کرد .

ھیواخوازە لە یەزدانی باڵادەست ئەم ڕۆژە پڕ سەروەرییە بکاتە مایەی بە دەستھێنانی سەربەخۆیی یەکجارەکی کوردستانەکەمان و سەربەرزی مانەوەی شکۆی نیشتیمان و گەلەکەمان و ببێتە مایەی ھێنانی خێر و بەرەکەت و خۆشی بۆ ھەمووان.

وەک ئاشکرایە ھەموان دەزانین و مێژوو شاھیدێکی بەڵگە نەویستی حاشا ھەڵنەگرە، بەر لە (٧٥) ساڵ پێش ئێستا، سەرۆکی فەرماندە جەنەڕاڵی ڕێزدار (مەلا مستەفا بارزانی) دامەزرێنەری یئەم ڕەوتە سیاسیە بووە و ھاوکات بە سەرۆکایەتی گەورە فەرماندە لە پێناوی ئازادی میللەتەکەماندا، بەگژدا چوونەوەی زوڵم و ستەم و نادادپەروەری قۆناغێکی نوێی دەستپێکرد لە ھەمبەر دوژمنانی کورددا بەبێ جیاوازی چینایەتی و لایەن و لایەنگرێتی و ناوچە و ناوچەگەرێتی، شۆڕشە گەورەکەی تەنھا و تەنھا لە پێناو دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد و کوردستان بوو، ھاوکات لە سەرئاستی کوردسان و عێراق و جیھانیش دەنگیداوەتەوە ھەنووکەش درێژە ڕێبازی خەباتی ئەم ھێزە سیاسییە بەردەوامیەکی نەپساوەی ھەیە لە سەر ئاستی تەواوی ماڵبات و خانەوادەی بەرزانیە بەڕێزەکان، ھەم ئێستاش ھەوڵ و کۆششی لێبڕاوانە بۆ بەدیھێنانی خەونی لە مێژینەی سەربەخۆیی و دۆزی ڕەوای کورد لە بەرنامە و پلانیاندایە.

ھەمیشە سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێناو یەکخستنەوە و یەکڕیز کردنەوەی ناو ماڵی کورد و ھێز و لایەنە سیاسیەکان ھەنگاوی جدی ترو پڕبایەخی گرنگی ناوە، بەو ئامانجەی کە قۆناغی ململانێ و بەرژەوەندی بیری تەسکی حیزبایەتی وەلابنرێت و بە فۆڕم و مۆدێلێکی ھاوچەرخانە ھەمووان بێینە مەیدان بۆ خزمەتی نیشتیمانەکەمان و ئامانجمان تەنھا دەستەبەرکرن و فەراھەمکردنی ئاشتەوایی و پەیوەندییەکی دۆستانە و پێکەوە ژیانی و خۆشەویستی و تەبایی بێت بۆ گشتی کۆمەڵگەکەمان.

لەم ڕۆژە پڕ شکۆیەدا دەخوازین کە ئەم بۆنە پیرۆزە چارەسەری ڕیشەیی تەواوی قەیرانە کەڵەکە بووە نەخوازراوەکان بە دووی خۆیدا بھێنێت، گشت ھێزە سیاسیەکان لە ھەوڵی دانوستان و سازکردنی مێزی گفتوگۆدابن تا ھەرچی زووە ئاشتی و ئاسوودەیی و تێپەڕاندی گرژ و ئاڵۆزی و یەکتر قبووڵکردن باڵ بکێشێت بە سەر ھەرێمەکەماندا بە ئامانجی بنەبڕکردنی ئازارەکانی نەتەوەکەمان لە سەر دەستی سیاسییە دڵ گەورەکانی کوردستانەکەمان، ئومێد دەکەین کە ھەوڵ و ئیرادەی جددی بخرێتەگەڕ ، دەربەستبێن بۆ ڕاست بوونەوەی ھاوکێشە سیاسییەکان لە سەر ئاستی ناوچەیی ھەرێم و عێراق کۆتایی بە کەشە سیاسییە نا ھەمووارەکان بێت لە ناوچەکە و کوردستانەکەماندا .

ھەروەھا ھیوادارین ببێتە مایەی گەڕانەوەی سەروەری یاسا و بەرقەرار بوونی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیر بوونی ئەمن و ئاسایشی نەتەوەیی و چەسپاندنی گیانی لێ بووردەیی و یەکڕیزی و تەبایی ناو ماڵی کوورد و . خوازیارە کۆتایی بە ھەموو بار و دۆخە ناھەمووارەکان و گشت ئەو تەم و مژ و تەنگژە و ناڕوونیە سیاسیانە بێت کە لە ناوچەکەماندا و لە ماوەکانی ڕابردوودا سەریان ھەڵدابوو، تا لە دواییدا لە سایەی کوردستانێکی ئازاددا ھەمووان لە کەشێکی ئارام و ئاسوودەدا بژین و لە ژێر چەتری یاسا سەروەریدا بە دادپەروەرانە ژیان بگوزرێنین.

مەکتەبی ڕۆژنامەوانی ڕێکخەری گشتی پارتی دیموکراسی و دادپەروەری ھەرێمی کوردستان

Back to top button