وادەی 30 رۆژەكەی ترەمپ بۆ رووبەرو بوونەوەی داعش كۆتایی هات
خواكوڕك
پنتاگۆن وادەی 30رۆژەكەی بریاری ترەمپی تەواو كرد لە دانانی پلانێكی سەربازی بۆ رووبەرو بوونەوەی داعش كە پێشتر دۆناڵد ترەمپ وادەی 30 رۆژی دیاری كرد بۆ وەزیری بەرگری وڵاتەکەی بە مەبەستی ئامادەکردنی پلانێکی بەرفراوان لە دژی داعش”.
لەگەڵ ئەوەی هێشتا ناوەڕۆکی پلانەکە دیار نییە، بەڵام بەگوێرەی فەرماندە سەربازییە باڵاکانی سوپای ئەمریکا، پنتاگۆن پلانەکەی فراوانتر کردووە و جگە لە داعش، گرووپ و رێکخراوە ئیسلامییە تووندڕەوەکانی دیکەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە، لەوانە رێکخراوی قاعیدە، پنتاگۆنیش پلانەکەی پێشکەشی کۆشکی سپی کرد،
پنتاگۆن هەروەها لە پلانەکەیدا داوا دەکات دەسەڵاتی زیاتر بدرێت بە فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا، بۆ سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکان لە عێراق، سووریا و یەمەن.
هەر بەپێی پلانەکەی پنتاگۆن، نزیکەی پێنج هەزار سەربازی ئەمریکا رەوانەی سووریا دەکرێن، بەڵام بەشداری لە شەڕ ناکەن و رۆڵیان لە هاوکاریکردن و مەشق و راهێنان بە هێزە لۆکاڵییەکان دەبێت، گوتەبێژی پنتاگۆن راشی گەیاندووە، پلانەکە تەنها عێراق و سووریا ناگرێتەوە، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان کاری لەسەر دەکرێت.
فەرماندەی ناوەندیی سوپای ئەمریکا، جەنەڕال جۆزێف ڤۆتێل رایگەیاندووە، لە پلانەکەدا داواکراوە هاوکاری زیاتری هێزە لۆکاڵییەکان لە سووریا بکرێت بۆ شەڕی داعش، ئەو هاوکاریانەش پڕچەکردن و ناردنی راوێژکاری سەربازییە بە مەبەستی مەشق و راهێنان بەو هێزانە.
سەبارەت بە ناردنی هێزی سەربازیی زەمینیش بۆ سووریا، ئەو فەرماندە باڵایەی ئەمریکا، دەڵێ ئەمریکا هێزی سەربازی نانێرێت بۆ بەرەکانی شەڕ، بەڵکو لەگەڵ هێزە لۆکاڵییەکان کاردەکەن و ناردنی راوێژکاری سەربازی یەکێکە لە خاڵەکانی ئەو پلانەی پنتاگۆن.
بەڵام هشتا دیار نییە، سەرۆکی ئەمریکا پلانەکەی پنتاگۆن بە گونجاو دەزانێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانج و، بەڵێنەی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بە گەلی ئەمریکا و، هاوپەیمانەکانی دا لەبارەی لەناوبردنی داعش بە یەکجاری و لە ماوەیەکی کورتدا.