پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان،پیرۆزبایی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات

پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان، به‌بۆنه‌ی 75 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بروسكه‌یه‌كی پیرۆزبایی پارتی دیموکراتی کوردستان كرد.

ده‌قی بروسكه‌ی پیرۆزبایی پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان:

بۆ/بەڕێز جەنابی کاک مسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێز

سڵاوێکی گەرم …

لە یادی یۆبیلی ئەڵماسی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ٧٥ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنیدا، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و تەواوی سەرکردایەتی و کادر و جەماوەرە تێکۆشەرەکەتان دەکەین. دیارە دامەزراندنی پارتی لەباشووری کوردستان وەک حزبێک بە ڕێبەرایەتی سەرکردەی مەزنی گەلەکەمان خوا لێی خۆش بێت مستەفا بارزانی لەو ھەل و مەرجەدا دەستکەوتێکی گەورە و مێژوویی بوو بۆ بڵاو کردنەوەی بیرو ھۆشیاری نەتەوەیی و برەودان بە گیانی کوردایەتی، ھەر ئەم جۆش و خرۆشەش بووە مایەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلولی مەزن و دەرئەنجام بەدەستھێنانی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان .ھەڵبەتە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ھاوبەشی لەگەڵ ھێز و لایەنەکانی تر ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا بۆ پێشڕەوایەتی کردن و ھاندان و ئاراستەکردنی خەڵک بۆ داکۆکی کردن لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و پاراستنی  شوناسی نەتەوەیی. ھەر بۆیە مێژووی سێ چارێکە سەدەی ڕابردووی گەلەکەمان بە ھەموو کارەسات و قوربانیەکانیەوەی..بە ھەموو دەستکەوت و سەروەریەکانیەوەی کە ئێستا زیاتر لە ٢٠ ساڵە خاوەن دەسەڵاتی حوکمڕانی خۆیەتی، وەک لایەنێکی سەرەکی بەرپرسیاریەتی مێژوویی لەسەر شانە بۆ پاراستن و تۆکمە کردنی حوکمڕانی و گەیاندن بەکەناری ئارامی و ئۆقرەیی. ڕاستە لە ئێستادا گەل خاوەنی كیانێکی فیدڕاڵی دەستووریە، بەڵام لە ھەر کات زیاتر ھەڕەشە و پیلانگێڕیەکان لەلایەن دوژمنان و نەیارانیەوە بەردەوامە، ئەوە سەرەڕای ئاڵنگاریە نێوخۆییەکان بە تایبەتیش ناکۆکی و نا تەبایی نێوان لایەنەکان. بۆیە ئێمە لە پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان داوا لە بەڕێزتان دەکەین لەم بۆنە مێژووییەدا دەستی تەبایی و یەکێتی و یەکگرتوویی بۆ ھەمووان درێژ بکەن، با پێکەوە و بە بەشداری و ھەماھەنگی ھەموو لایەنەکان بەرەو ڕووی ھەموو ئاستەنگی و ھەڕەشەو پیلان گێڕییەکان ببینەوە و ئەم قۆناغە ڕاگوزارییە تێپەڕێنین، بەتایبەتیش ئەنجامدانی چاکسازی ڕیشەیی و کۆتایی ھێنان بە گەندەڵی و گەیشتن بە حوکمەتێکی ڕەشید کە تیایدا ھاووڵاتیان ھەست بە شکۆو سەروەری خۆیان بکەن و کەرامەتیان پارێزراو بێت.

دووبارە بەم بۆنە شکۆدارەوە پیرۆزبایی خۆمان ڕادەگەیەنین و جەخت لەسەر پەیوەندی دۆستانەی نێوانمان دەکەینەوە..ھەر سەرکەوتوو و سەرفراز بن…

 

پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان

مەکتەبی سیاسی

١٥ی ٨ی ٢٠٢١

Back to top button