چاودێران و سیاسەتوانانی كورد: له‌م هەڵبژاردنەشدا پارتی وەک حزبی یه‌که‌می عێراق و کوردستان ده‌مێنێته‌وه
پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا دەکا و تا ئێستاش، بەپێی هەموو هەڵبژاردنەكانی پێشوو، به‌هێزترین حزبی عێراق و کوردستانیشه له رووی ژماره و کورسییه‌کانەوە، بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقیش، پارتی چاوی له کورسیی زیاتره. چوار نووسەر و سیاسه‌تمه‌دار و شرۆڤه‌کاری دیاری کوردستانیش پێیان وایه، پارتی له ریزی پێشه‌وه ده‌مێنێته‌وه.
لەمبارەیەوە، مومتاز حه‌یده‌ری، رۆژنامه‌نووسی دێرینی کورد گوتی: ”ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی عێراق لەسەر ئاستی عێراق، دۆخه‌که به‌ره‌و خراپتر ده‌بات، چونکه ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه میلیشیاکانن و ئه‌زموونیان وه‌رگرت له‌وه‌ی چۆن کۆنترۆڵی عێراق بکه‌ن، به کشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکاش دۆخه‌که خراپتر ده‌بێت، ئه‌و میلیشیایانه خراپترن له عه‌بدولسه‌لام عارف و سه‌دام حوسێن و ده‌بێ ناوماڵی کوردستان رێک بخرێته‌وە و ده‌نگی کورد یه‌ک بخرێ، زۆر گرنگه له‌م دۆخه‌دا هێزی پێشمه‌رگهی كوردستان یه‌ک بگرێته‌وه”.
گوتیشی: ”له که‌رکووک زیانی زۆرمان کرد، ئه‌وه‌تا بانگه‌شه‌کانی پارتی له که‌رکووک لێ ده‌کرێنه‌وه، ئه‌مه کاره‌ساته و ئاسۆی باشبوونه‌وه‌ی دۆخەكە نییه، ده‌بێ کوده‌تایه‌ک دروست بێ به ئاگاداریی ئه‌مه‌ریکا و کوردیش پشتیوانی له سیسته‌می نوێ بکات له عێراق“.
مومتاز حه‌یده‌ری، راشی گه‌یاند: ”پارتی بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه یه‌که‌م ده‌بێته‌وه و جه‌ماوه‌ری جێگیری خۆیی هه‌یه“.
بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت. ئەم هەڵبژاردنە بەگوێرەی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2020 بەڕێوە دەچێت كە 18 پارێزگای لە عێراق دابەش كردووە بۆ 83 بازنەی هەڵبژاردن كە هاوتای ژمارەی كۆتای ژنانە و مەرجە لە هەموو بازنەیەكدا كاندیدێكی ژن سەربكەوێت. جگە لەوەش، كاندیدەكان جگە لە حزب و هاوپەیمانییەكان، ڕێژەیەكی بەرچاویان بە شێوەی سەربەخۆ و لیستی تاك بەشداری دەكەن.
هەروەها د.محه‌مه‌د ره‌ووف. یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌رانی یه‌کگرتووی ئیسلامی، هەروەها له دامه‌زرێنه‌رانی لیستی هاوپه‌یمانیی کوردستان به سه‌رۆکایه‌تیی د.به‌رهه‌م و جێگری پێشووی سه‌رۆکی ئه‌و حزبه گوتی: ”پارتی له کوردستان یه‌که‌م ده‌بێت و له هێزه سه‌ره‌کییه‌کانی پێکهێنه‌ری په‌رله‌مانی عێراق ده‌بێت“.
راشیگه‌یاند: ”ره‌نگه هه‌ڵبژاردن هیچ له دۆخه‌که نه‌گۆڕێت، سه‌در به‌نیاز بوو ٧٠ کورسی بهێنێت، دواتر گه‌یشته قه‌ناعه‌ت که له ٣٥ کورسی زیاتر ناهێنێ، بۆیە کشایه‌وه، ئێستاش بیانوو ده‌گرێت و ده‌یه‌وێت مه‌رج فه‌رز بکات و چاوی بڕیوه‌ته‌وه مه‌رجەعیەتی ئایینییی شیعه له عێراق“.
هاوکات د.مەحموو‌د عوسمان، سیاسه‌تمه‌داری دێرینی كورد، گوتی: ”زەمینەی هه‌ڵبژاردن خۆش نییه، حه‌شد هه‌ر حه‌شده و حزبه گه‌وره‌کان وه‌ک خۆیانن، وابزانم هه‌ڵبژاردن باش نابێت و نایانه‌وێت ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ده‌یه‌وێت بیکه‌ن، هەر خۆیان ده‌یانه‌وێت بێنه‌وه سه‌ر حو‌کم“.
گوتیشی: ”دیار نییه له هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان چی ده‌بێت، کێ یه‌که‌م و دووه‌م ده‌بێت، ئەنجامەکە ده‌ری ده‌خات چۆن ده‌بێت، ئەگەر به‌پێی پێوه‌ری کورسی و جه‌ماوەر بووبێت، پارتی یه‌که‌م بووه، به‌ڵام له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو دیاری ناکرێت کێ یه‌که‌م و کێ دوومە“.
بەپێی دوایین ڕاگەیەنراوی فەرمیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتیی كاندیدەکان، سێ هەزار و 523 کاندید دەبێت کە 887 كاندید بە شێوەی سەربەخۆ و 1002 کاندید لە چوارچێوەی حزبەکاندا بەشدارییان لە کێبڕکێی هەڵبژاردن کردووە، لە ڕووی جێندەرییەوە دوو هەزار و 560 كاندید لە ڕەگەزی نێرن و 963یان لە ڕەگەزی مێن.
بازنەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دابەش بوون بەسەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆكدا کە بەسەر 46 كورسیدا دابەش كراون، لە پارێزگای هەولێر 53 كاندید كێبڕكێ لەسەر 15 كورسی دەكەن (35 نێر و 18 مێ). لە پارێزگای سلێمانی 65 كاندید كێبەركێ لەسەر 18 كورسی دەكەن (41 نێر و 24 مێ). لە پارێزگای دهۆك 28 كاندید كێبڕكێ لەسەر 12 كورسی دەكەن (21 نێر و 7 مێ).
پێوەند بە (نەینەوا)ش کە هەشت بازنەی هەڵبژاردنی هەیە، 31 کورسییان بۆ تەرخان کراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان چاوی لە بردنەوەی ژمارەیەک لە کورسییەکانی ئەو پارێزگایەیە، بەتایبەتی بازنەی شنگال و دەشتی نەینەوا.
بۆ (کەرکووک)یش کە سێ بازنەی هەڵبژاردنە، 12 کورسییان بۆ تەرخان کراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە دوو کاندید بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەو شارەدا کردووە کە لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە بەهۆی خیانەتێكی نیشتمانیەوە لە ئاستی بنكە و بارەگا لەو شارەدا نەماوە، بەڵام بەپێی زانیارییە تایبەتەکان پارتی بەم نزیکانە لەو شارە نووسینگە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەكاتەوە.
پێوەند بە هەمان پرس، د.دیندار دۆسکی، سیاسه‌تمه‌داری کورد گوتی: ”پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی کوردستان یه‌که‌م ده‌بێت، جاری دیکه‌ش پارتی له‌سه‌ر ئاستی عێراق یه‌که‌م بووه، بۆیه بۆ ئەم هه‌ڵبژاردنه‌ش پارتی یه‌که‌م ده‌بێته‌وه“.
راشی گه‌یاند: ”ره‌نگه سه‌در بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام نه‌گەڕێته‌وه مه‌یدانه‌که بۆ پارتی فراوانتر ده‌بێت و دەتوانێت به به‌هێزی له ئاستی یه‌که‌مدا بمێنێته‌وه“.
گوتیشی: ”پارتی له ئاستی کوردستان و عێراق به به‌هێزی و لە پێگەی یه‌که‌مدا ده‌مێنێته‌وه، پارتی جه‌ماوه‌رێکی جێگیری هه‌یه و حکوومه‌ت و بڕیاری به‌ده‌سته و کاریگه‌ریی گەورەی هه‌یه“.
س: باسنيوز