هەولێر : بنکەیەکی تایبەت بۆ پێدانی ڤاکسین بە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت تەرخان کرا

بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر ئەمڕۆ ئاشکرای کرد، خواستی هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین زۆر زیادی کردووە و هاوکات بنکەیەکی تەندروستی بۆ پێدانی ڤاکسین بە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت تەرخان کراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی ئاب، دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند، ئێستا بنكەیەكی تەندروستی بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تەرخان كراوە، ئەم بنكەیە بە مەبەستی ئاسانكاریی زیاترە بۆ كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت تا ڤاكسین وەربگرن.

زیاتر گوتی، پێدانی ڤاكسین بەردەوامی هەیە لە سەرجەم بنكەكان، ماوەی نزیكەی مانگێك دەبێت ژمارەی هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین زۆر زیادی كردووە، لە داودەزگا حكوومی و ناحكوومییەكان خواست لەسەر ڤاكسین زۆر زیادی كردووە و هاووڵاتییان ناویان تۆمار دەكەن.

باسی لەوەش كردووە، كردنەوەی ئەو بنكەیە بۆ ئەوەیە تا ڕێكارەكانی پێدانی ڤاكسین بەو كەسانە لە هاووڵاتییانی ئاسایی زووتر ڕاپەڕێنرێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش لە وەرگرتنی ڤاكسینەكە بێبەش نەبن، بۆیە بنكەیەكی تایبەتمان كردووەتەوە بۆ كەسانی خاوەنی پێداویستیی تایبەت.

Back to top button