شنگال: هەركەسێ واز لە ریزەكانی پەكەكە بهێنێت، دەكوژرێ یان شوێنبزر دەكرێ

پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بە شێوەیەكی توند بەرامبەر بەو كەسانە دەجووڵێتەوە كە ڕیزەكانی جێ دەهێڵن، بەرپرسێكیش ئاشكرای دەكات كە پەكەكە ئەو كەسانە لە شنگال شوێنبزر دەكات.

بەپێی نووسین و لێدوانی هەموو ئەو كەسانەی پێشتر لەنێو پەكەكەدا بوون و دواتر وازیان لە ریزەكانی ئەو حزبە هێناوە، پەكەكە یەكێكە لەو حزبانەی كە تەنیا لە قۆناغی خەڵەتاندندا بەرامبەر بە ئەندام و كادیرانی خۆیدا نەرمی دەنوێنێت، بەڵام دوای خەڵەتاندنی ئەو كەسانە، سەرجەم ئازادییەكانیان لێ زەوت دەكات و نایەڵێت بڕیاری چوونەدەرەوە لە ڕیزەكانی ئەو حزبە دەربكەن، بۆیە هەركەس ئەوەی كردبێت، ئەگەر نەكوژرابێت و گۆڕ ون نەكرابێ، ئەوە بەدڵنیاییەوە یان هەوڵی كوشتنی دراوە و سەری نەگرتووە، یان بەردەوام لەژێر مەترسییدا ژیاوە.

لەمبارەیەوە هادی سفوکا، بەرپرسی نووسینگەی کۆمەڵایەتیی لقی ١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال، ڕاگەیاند: “هەر کەسێک لە سنووری شنگال چووەتە ناو پەکەکەوە، لە لایەن ئەو ڕیکخراوەوە هەڵخەڵەتێندراوە، بۆیە ناتوانێ دەست لە پەکەکە بەر بدات، چونکە پەکەکە ڕێگەیان پێ نادات ڕیزەکانیان بەجێ بهێڵن و ئەگەر پەکەکە ڕێگەی بە خەڵکی بدایە کە ئازاد بن، ئێستا هەر شنگالیەك كە لەگەڵیانە وازی لەو ڕێکخراوە دەهێنا، بەڵام خەڵک چاوترسێن دەکرێن و هەڕەشەیان لێ دەکرێت کە هەر کەسێک واز لە پەکەکە بهێنێت، دەڕفێندرێن، یان دەکوژرێن”.

ئەو بەرپرسەی پارتی ئاشکراشی کرد: “لە هەفتەی رابردوودا هەندێک گەنجی شنگال کە لەناو بنکەیەکی تەندروستی لە لایەن فڕۆکەكانی تورکیاوە بوونە قوربانی، کەسوکاری قوربانییەکان ڕێگەیان بە پەکەکە نەدا ئاڵای خۆیان لەسەر تەرمی قوربانییەکان دابنێن و تەنانەت ڕێگەیان بە پەکەکەش نەدا ئەو قوربانییانە لەناو گۆڕستانی تایبەت بە پەكەكە بنێژن، چونکە خەڵکی شنگال لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی پەکەکە زۆر بێزار بوون”.

هادی سفوکا بۆ باسنيوز ئاماژەی بەوەش کردووه‌: “ئەو کەسانەی لەلایەن پەکەکە هەڵدەخەڵتێنرێن، ناتوانن پەیوەندی بە دایک و باوک و کەسوکاری خۆشیانەوە بکەن و ناوی نهێنییان بۆ دیاری دەکەن، ئێستا زۆر کەسی پەکەکە کە لەناو شنگال نیشتەجێ بوون، بە ڕەچەڵەک شنگالی نین، بەڵکوو خەڵکی تورکیا و سووریان و پەکەکە بە زۆر بۆ ئەم سنوورەی هێناون”.

ئاماژەی بەوەش کردووه‌: “هەر کەسێک واز لە ڕیزەکانی پەکەکە بهێنێت، یان دەکوژرێت، یان دەڕفێندرێت و بێسەروشوێن دەکرێت، لە دوای جینۆسایدی شنگال لە ڕێکەوتی ٣ی٨ی٢٠١٤وە تا ئێستا ٣٠ هەتا ٤٠ هاووڵاتیی کوردی ئێزدیی خەڵکی شنگال لەلایەن پەکەکەوە بێسەروشوێن کراون و کەس لە چارەنووسیان ئاگادار نییە، بەهۆی ئەم دۆخەوە ئەو خێزانە ئاوارانەی شنگالیش کە گەڕاونەتەوە شوێنی ژیانی خۆیان، هەموو پەشیمانن و بەشێکیان گەڕاونەتەوە شارەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە خەڵک بە دوای ئاسایشدا دەگەڕێت و ناتوانن لە شنگالدا بژین”.

خەڵكی دەرگاكانیان لە ترسی پەكەكە دادەخەن

بەرپرسی نووسینگەی کۆمەڵایەتیی لقی ١٧ی پارتی ئەوەشی ئاشکرا کرد: “ئێستا لەناو شنگال هەرکە ئێوارە دادێت، خەڵکی دەچنەوە ماڵ و لە ترسی پەکەکە دەرگا دادەخەن و لە ماڵ دەرناکەون، لە هەندێ شوێن خەڵک بە چەکەوە پاسەوانی لە ماڵ و خێزانی خۆیان دەکەن، چونکە خەڵک لە ڕفاندن و هەڵخڵەتاندنی منداڵەکانی خۆیان دەترسن، هەر کەسێک فریوی پەکەکە بخوات و بچێتە ڕیزەکانیانەوە، ئیتر دایک و باوک و کەسوکاری هیچ لەبارەی چارەنووسییەوە نازانن”.

لە نێو خەڵكی شنگالدا پرسیاری ئەوە دەكرێ ئاخۆ ئەو كەسانەی لە ڕووداوی بۆردومانكردنی نەخۆشخانەكەی سنووری شنگال بریندار بوون، چیان بەسەر هاتووە و بۆچی پەكەكە زانیارییان لەبارەوە نادركێنێت.

هادی سفوکا ئاشكرای كردووه‌: “دوای ئەوەی چەند ڕۆژ لەمەوبەر بنکەی تەندروستیی (سکینێی) لەلایەن تورکیاوە بۆردومان کرا، چەندین کەس لەناویدا بریندار بوون، بەڵام پەکەکە بریندارەکانی بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە و تەنانەت کەسوکارەکانیشیان هیچ لەبارەی ڕەوشی تەندروستییان نازانن”.

Back to top button