شاخەوانێکی کورد: ئەو ئاڵایەى سەرۆک بارزانی بەدیاری پێیدام وهك يهكهم كورد دهيبهمه لووتکەی چیای ئێڤرێست
بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە گەنجێکی کوردی دانیشتووی دهۆک گەشتێک بۆ نیپاڵ بکات بۆ جێببەجێکردنی پلانێک بۆ دانانی ئاڵای کوردستان لەسەر لووتکەی چیای ئێڤرێست لە زنجیرە چیاکانی هێمالایا.
رەنج عومەر، 35 ساڵ، کە لە شاری سلێمانی لە دایکبووە و نیشتەجێی دهۆکە،راگەیاند: “بڕیارە 28ی ئەم مانگە گەشتەکەم دەستپێبکەم و بۆ ماوەیەک لەو وڵاتە دەمێنمەوە و چەند لوتکەیەکی دیکە دەبڕم و مەشق و راهێنانی تەواودەکەم. دواتر لە مانگی ئایاری ساڵی 2022 ئاڵای کوردستان لەسەر چیای ئێڤرێست دابنێم”.
رەنج عومەر ئاشکرای کرد، گەشتەکەی لە دوو قۆناخ پێکدێت، سەرەتا مانگی 10 تاوەکو ناوەڕاستی مانگی 11 لە نیپال دەبێت و ژمارەیەک لووتکەی زنجیرە چیای هیمالایا دەبڕێت، دواتر لە مانگی نیسانی 2022 دەست بە بەشی دووەمی گەشتەکەی دەکات، کە بڕیارە 10 رۆژی کۆتایی مانگی ئایار بەڕێبکەوێت بۆ ئێڤرێست و یەکی حوزەیران گەشتەکەی تەواو بکات.
رەنج عومەر، کە لە منداڵییەوە خولیای شاخەوانییە، دەڵێت بڕیارە حکومەتی نیپاڵ وەکو یەکەم کورد و عێراقی پێش و دوای سەرکەوتنی بۆ سەر چیاکە رێورەسمی فەرمی بۆ رێکبخەن.
رەنج عومەر لەبارەی ئەو ئاڵایەشی بڕیارە لەسەر لووتکەی ئێڤرێست بیچەقێنێت، گوتی “ئەو ئاڵایە لە ساڵی 2019 سەرۆک مەسعوود بارزانی بەدیاری پێیدام، چونکە ئەو کات بەرنامەی دانانی ئاڵاکەم لەسەر لووتکەکە هەبوو، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەشتەکە دواکەوت”.
دەشڵێت: “جەنابی کاک مەسعود دەستخۆشی ئەو بەرنامەی لێکردم و گوتی کە خوازیارە سەرکەوتووبم، هەروەها پێیگوتم کە ئاگام لەخۆم بێت و سەلامەتی و تەندروستی من و گەنجانی کوردستان بەلای ئەوانەوە لەپێش هەموو شتێکەوەیە، ئەو هانیدام بۆ ئەوە زیاتر هەوڵبدەم سەرکەوتووبم کە ئەگەر ئەم کارە بکەم دەبمە یەکەم کورد و عێراقی دەچێتە سەر لووتکەی چیای ئێڤرێست”.
رەنج عومەر بە چەندین چیای هەرێمی کوردستان هەڵگەڕاوە، لەوانە پیرەمەگروون و هەڵگورد، هەروەها لە ساڵی 2017 زیاتر لە 600 کیلۆمەتری بەپێ لە دهۆکەوە بەرەو هەولێر و لەوێوە بۆ سلێمانی و کەرکووکی بڕیوە.
رەنج دەڵێت “جەنابی کاک نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەموو پشتیوانییەکی خۆی بۆ دەربڕیوم بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بەدیبهێنم، سوپاسی بێپایانم بۆی هەیە، کە پاڵپشتیم دەکات”.
ئێڤرێست، بەرزترین لووتکە چیایە دەکەوێتە نیپاڵەوە و لەسەر ئاستی جیهان و زنجیرە چیاکانی هێمالایا بەرزترینە، کە بەرزییەکەی 8 هەزار و 848 مەتر دەبێت، زۆربەی ئەوانەی گەشت بۆ سەر ئەم چیایە دەکەن، کە پڕە لەسەرکێشی و مەترسی، ئاڵای وڵاتەکانییان لەوێ دەچەقێنن.
س:رووداو