ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سێ حزبه‌ ئیسلامیه‌كه‌ ئاشكرا ده‌بێت

خواكوڕك

ئه‌مرۆ سێ شه‌مه‌ 28/2/2017 هه‌رسێ حزبی ئیسلامی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو، له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌ و هه‌ریه‌كه‌ له‌ سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری یەکگرتوو، عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، عیرفان عەبدولعەزیز ڕابەری بزووتنەوە ئیسلامی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كرد.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ ماوه‌ی حه‌وت كاتژمێری خایاند و تیایدا ره‌شنووسێكی شه‌ش خاڵی ئاراسته‌ی دەستەی باڵای کاری هاوبەشی لایەنە ئیسلامییەکان كراوه‌، كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی هه‌رسێ حزبه‌ ئیسلامیه‌كه‌ تیایدا ئه‌ندامن و بڕیاره‌ دوای گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ره‌شنووسه‌كه‌، بكرێته‌ بڕیاری هه‌مووان.

ره‌شنووسه‌كه‌ له‌شه‌ش خاڵ پێكهاتووه‌ كه‌ بریتین له‌:

یەكەم: یەکخستنی گوتاری سیاسی و بانگخوازی.

دووەم: ئەرکی ئەم دەستەیە کارکردن دەبێت بۆ داڕشتنی پڕۆژەیەکی چاکسازی کە لە ئاستی قۆناخەکە و ئاستی داخوازییەکانی گەلی کوردستاندا بێت.

سێیەم: گەڵاڵەکردنی دیدگای هاوبەش بەرامبەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.

چوارم: بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لەسەرووی هەمووشیانەوە مافی سەربەخۆیی کوردستان.

پێنجەم: هاوئاهەنگیكردن لەنێوان لایەنەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.

شەشەم: پاراستنی هاوسەنگی گوتاری ئیسلامی.

پێشتر ئه‌نجوومه‌نێكی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ریه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵ و بزووتنه‌وه‌ و یه‌كگرتوو پێكهێنرابوو، ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردووش نوێنه‌ری هەر سێ حزبەکە لەئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ کۆبوونەوە و تیایدا گفتوگۆیان کرد لەسەر نزیكبوونەوە و چۆنیەتى کارى هاوبەش لە داهاتوودا.

Back to top button