هەولێر: ناوهندى سكاڵا وهكو هەڵمەتى کوردستانى لە بەرانبەر سەد ساڵ ستەمى دەوڵەتى عێراق راگەیەندرا
لە شارى هەولێر ژمارەیەک لە یاساناس و چالاکانى بوارى سیاسی و نوێنەرى تەواوى نەتەوە و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاکانى کوردستان، هەڵمەتى کوردستانى بەرانبەر سەد ساڵ ستەمى دەوڵەتى عێراقیان راگەیەند.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣/٨/٢٠٢١ له رێگاى كۆنگرهيهكى رۆژنامهوانيدا هەڵمەتەکە لهلايهن ئازاد جوندیانى ئەندامى دەستەکە بهخوێندنهوهى بهياننامهيهك دهستى پێ كرد و گوتى : “ئەو لکاندنەى سەد ساڵە رووی داوە کە کوردستان بە دەوڵەتى عێراقەوە لکێندراوە، ماوەى سەد ساڵە حکوومەتەکانى عیراق لە سەردەمى پاشایەتىیەوە تا کۆمارى و دواتر بەعس و پاشانیش بە حکوومەتەکانى دیکەشەوە، بە هەموو پێکهاتەکانى کورد و ئایین و ئایینزاکانییەوە بە چەندین جۆر توندوتیژى ڕەفتارى کردووە، هەر لە جینۆسایدى خەڵکى کوردستان و گۆڕینى دیموگرافییەوە بگرە تا شێواندنى ژینگەى کۆمەڵایەتى و دەرکردنى جووەکانى کوردستان و دەستبەسەرکردنى موڵک و ماڵیان”.
ههرله بەیاننامەکەدا جونديانى گوتيشى: “بێبەشکردنى هاووڵاتییان لە مافەکانیان و بەکارهێنانى سامانى ژێرزەوى و سەرزەوى لە شەڕ و ململانێکاندا، ئەوە بەشێکى دیکەى ڕەفتارى ناڕەوای دەوڵەتی عێراق بووە بەرانبەر دانیشتوانى خۆی و بەتایبەتى بەرانبەر کورد”.
ناوبراو باسى لهوهشكرد كه : “خەڵکى کوردستان بە تاک و کۆ و هەموو پێکهاتەکانییەوە زیانى زۆریان بەر کەوتووە و نەوە یەک لە دوای یەکەکانى هەموو نەهامەتییەکانى دیوە، بۆیە چاوى لەوە بووە لە بەرانبەر ئەو هەموو تاوانەى دەرهەقى کراوە، دامەزراوەکانى عێراق قەرەبوویان بکەنەوە، بەتایبەتى کەسوکارى ئەنفالکراوان و قوربانییانى پرۆسەى بە عەرەبکردن و راگواستن و ئەوانەى گوندەکانیان وێران کرا، لە تازەترین رەفتاریشدا کردارە قێزەونەکانى ڕیکخراى تیرۆریستى داعشە، کە هەموو ئەوانەش بەهۆی ئەوەیە، کە عێراق بەردەوام لە خۆدزینەوەدایە بەرانبەر بە ئەندامبوونى لە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى کە ئەوەش جارێکى دیکە تاوانێکە بەرانبەر دانیشتوانى خۆی ئەنجامى دەدات و دەبێ عێراق ملکەچ بکرێت بۆ ئەوەى دان بە مافەکانى کورد و بڕیارى قەرەبوو بدات و هەموو نەتەوەکان مافى ئەوەیان هەبێ ئازادانە بژین، ئەم هەڵمەتەى ئەمڕۆش ڕادەگەیەندرێت، بریتییە لە هەڵمەتى تاک بە تاکى خەڵکى کوردستان بۆ بەرەنگاریى ئەو ستامانەى سەد ساڵە لە خەڵکى کوردستان دەکرێت و داواى مافى قەرەبووکردنەوەیە، بەڵام بە هیچ جۆریک جێگرەوەى هێڵە ستراتیژییەکانى مافى چارەنووس و داواى سەربەخۆیی نییە. هیچ حزب و لایەنێک ئاراستەى ناکات، بەڵام بە ڕێکارى تەواوى یاسایی کارەکانى ئەنجام دەدات و هەوڵ دەدات پشتیوانىی هەموو توێژ و لایەن و رێکخراوە ناوخۆیی و جیهانییەکان و پیشەگەرانى میدیایی و یاسایی و مافپەروەران بۆ ئەم هەڵمەتە پێویستە و سکاڵای خۆی لە بەرانبەر دەوڵەتى عێراق دەگەیەنێتە هەموو ناوەندە جیهانییەکان و نامەى هەڵمەتەکە بۆ هەموو خەڵکى کوردیستان دەچێت و راستەوخۆ دەبنە ئەندامى ئەم هەڵمەتە و ئەندامانیشی پشوودرێژانە کارەکانیان ڕادەپەڕێنن”.