راوێژکاری سەرۆکی حکوومەت: زوڵمێکی زۆر له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم لە کورد دەکرێت

راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکان رایگەیاند، وەکو سەرەتا داتا لەبارەی ناوچە کوردستانییەکان سەبارەت بە ھەموو کێشەکان کۆدەکەینەوە و چارەسەر دیاری دەکەین و بۆ حکوومەت پێشنیازی دەکەین، بۆ ئەوەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق کێشەکان چارە بکرێن.

رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکان به‌ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاندووە، بەرنامەمان ئەوەیە راوێژ بۆ کۆکردنەوەی داتای پێویست بکەین لەبارەی ناوچە کوردستانییەکان، کە بەرچاوڕوونییەک بۆ حکوومەت و بە تایبەت بۆ سەرۆکی حکوومەت دروست بکات، بۆ ئەوەی دوای ھەڵبژاردن هەنگاوی تازە بنێین و لەگەڵ حکوومەتی عێراق بگەینە چارەسەرێک بۆ ماددەی 140.

تاڵەبانی گوتوشیەتی، کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان و جێبەجێکردنی ماددەی 140 دەکەین و ھەنگاوی یەکەمیش ئەوە دەبێت، کە ئەو ھەوڵانەی دراون، دیراسەیان بکەین و لە کوێ وەستاوە لەوێ هەنگاوی تازە دەست پێبکەینەوە، بۆ ئەوەی چارەسەر دیاری بکەین و پێشنیازی دەکەین بۆ حکوومەت تا کار بۆ چارەکردنی کێشەکان بکرێت.

ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی حکوومەت باسی لەوەش کردووە، ئێمە تەنھا کار لەسەر تەعریب ناکەین و ئەوە بەشێکە لە کێشەکان، ئەگەرنا گرفتەکان زۆرن وەکو زەوییە کشتوکاڵییەکان، کە زوڵمێکی زۆر لە کورد دەکرێت و دۆخی ئەمنی خراپە  و کاریش بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بریارەکانی قیادەی سەورە دەکەین، بۆیە مەلەفەکان وەستاون و پێویستە کاریان لەسەر بکەن، بۆ ئەوەی ھەر کێشەیەک ھەبێت لەو ناوچانە، چارەسەر بکرێت.

Back to top button