کۆنسوڵخانەی ئەمریکا له ههولێر بۆ خەڵكی هەرێمی کوردستان: ئەم هەواڵە ساختەیە
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بڵاوبوونەوەی هەواڵێک بەنێو تۆڕە کۆمەڵاتییەکان لە هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکات، ئەمریکا عێراق و هەرێمی کوردستان بەجێدەهێڵێت و هەموو ئەو وەرگێڕ و کارمەندانەی کاریان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا کردووە، بەپەلە خۆیان بگەیێننە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بۆ تۆمارکردنی ناویان بەمەبەستی گواستنەوەیان بۆ ئەمریکا.
ئەو هەواڵە لەکاتێکدایە، ئێستا ئەمریکا لە ئەفغانستان شان بەشانی هێزە هاوپەیمانەکان سەرقاڵی گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییە ئەفغانیانەیە کە بەدرێژایی شەڕی 20 ساڵەی وڵاتەکە هاوکاری هێزە بیانییەکانیان کردووە.
گوتەبێژێکی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر قسەی بۆ رووداو کردووه و هەواڵەکەی رەتکردۆتهوهو، گوتوويهتی، “هەر راپۆرتێک ئاماژە بەوەبکات کە ئەو خەڵکانەی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا لە عێراق کاریان کردووە پێویستە ناوی خۆیان لەلای کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر تۆماربکەن هەواڵی ساختەن.”
گوتەبێژەکەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا ئاگادارنامەیەک بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، دەڵێت “تکایە ئاگاداربن کە پلاتفۆڕم و ماڵپەڕە فەرمییەکانی حکومەتی ئەمریکا تەنیا سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی زانیارین سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی کۆچبەری و هەروەها ئۆپەراسیۆنەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و عێراق.”
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی کە گوایە ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییە عێراقییەکان دەکات ناوی خۆیان بۆ گواستنەوەیان بۆ ئەمریکا تۆماربکەن، ترسێک لەنێو خەڵک بڵاوببووەوە کە گوایە ئەمریکا هاوشێوەی ئەفغانستان عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەجێدەهێڵێت.
پێشتریش لە راگەیێندراوێکدا سەرۆک مەسعود بارزانی دڵنیایی دایە هاونیشتمانیان کە “دۆخی كوردستان جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ هەموو شوێنەكانی دیکە” و گوتی، “شوكر بۆ خوای گەورە ئێمە پێشمەرگەی قارەمان و هێزمان هەیە و لە هەمووشی گرنگتر میللەتێكین خاوەن ئیرادە و قەزییەین.”
چەند کەسێک کە ئەو هەواڵەیان لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوکردووەتەوە و بەستەرێکیان لەگەڵیدا داناوە کە هی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە، بەڵام ئەو بەستەرە لە ساڵی 2006ـەوە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بەردەستە.