هەولێر : (10) کەس بە تۆمەتى مامەڵەى ساختە و پارەسەندن لە خەڵک دەستگیرکران
پۆلیسى هەولێر دەستگیرکردنى (10) کەسى بە تۆمەتى ئەنجامدانى مامەڵەى ساختە و پارە سەندن لە خەڵک بە زەبرى چەک راگەیاند.
هۆگر عەزیز، وتەبێژى بەرێوەبەرایەتى پۆلیسى هەولێر لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەچەند رۆژی رابردوو باندێکیان دەستگیرکردوە کە لە هەشت تۆمەتبار پێکهاتبوون.
لەبارەى هۆکارى دەستگیرکردنى ئەو تۆمەتبارانەش وتەبێژى پۆلیسى هەولێر ئاشکرایکرد، ئەو تۆمەتبارانە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەناوی مامەڵەکردن بە دۆلاری بلۆککراوی لیبی خەڵکیان هەڵخەڵەتاندوە، دواتر بەزەبری چەک پارەیان لێسەندون.
راشیگەیاند، لەهەڵمەتێکى دیکەدا دووکەسیان بەهەمان تۆمەت دەستگیرکردوە.
وتەبێژى پۆلیسى هەولێر داواى لە هاوڵاتیان کرد بەو جۆرە مامەڵانە هەڵنەخەلەتێن و رەتى کردەوە دۆلارى لەو جۆرە لە هەرێمى کوردستان هەبێت.