سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا دەكات
ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ـی ئابی ٢٠٢١لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە نوری مالكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و شاندێكی یاوەری كرد.
لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و هەردوو لا جەختیان لەوە كردەوە كە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ببێتە هۆی سەقامگیری و ڕاستەڕێبوونی پڕۆسەی سیاسی، پێویستە هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆی ئەنجام بدرێت و گەرەنتی ئەوەش هەبێت كە هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد و دادپەروەرانە لە ژینگەیەكی ئارام و دوور لە دەسكاری بەڕێوەبچێت و هەروەها هەموو لایەكیش ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ئیرادەی گەل بگرن.