دەست بە جێبەجێکردنی قۆناغێکی دیکەی شەقامی 150 مەتری ھەولێر دەکرێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی دا بە دەستپێکردن و تەواو کردنی بەشێکی دیکەی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری هەولێر.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند: بە مەبەستی تەواوکردنی شەقامی 150 مەتری ھەولێر، کە شەقامێکی بازنەیی گرنگی شاری ھەولێرە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رەزامەندی پیشاندا بە دەستپێکردن و تەواو کردنی بەشێکی دیکەی ئەو شەقامە کە شەقامی (ھەولێر- کۆیە) تاوەکو (ھەولێر – شەقڵاوە) دەگرێتەوە و درێژییەکەی (7.2) کیلۆمەتر دەبێت لەگەڵ دروستکردنی شەقامی خزمەتگوزاری دوو ساید بە پێی یاسا و رێنماییەکان.

کارەکانی شەقامی بازنەیی 150 مەتری ھەولێر لەلایەن کۆمپانیای ھێمن گروپەوە جێبەجێ دەکرێت و تاوەکو ئێستاش بەشێکی ئەو شەقامە کە لە شەقامی (ھەولێر- بەحرکە) تاوەکو (ھەولێر-شەقڵاوە)یە تەواو بووە و بە تەواو بوونی ئەو شەقامە بەشێکی زۆر لە قەڵەباڵغی ناو شاری ھەولێر کەم دەکاتەوە.

Back to top button