بەرپرسێکی پێشووی یەکێتی: نابێ پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستاندا چەکی پێ بێت… باشترە بڕۆنەوە بۆ تورکیا و لەوێ چی دەكەن با بیكەن

بەرپرسێكی پێشووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە ئێستا وازی لە پۆستەكەی هێناوە و كادیرێكی ئاسایی حزبەكەیە، رای دەگەیەنێت كە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) گومرگ لە خەڵكی ناوچە سنوورییەكانی سلێمانی دەسەنن و جەخت دەكاتەوە كە دەبوایە ئەوكاتەی شەڕیان لەگەڵ پەكەكەدا كرد، یەكلایان بكردایەتەوە.

ئەحمەد قەدەفەری، جێگری پێشووی بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیاند: “بەھۆی بۆردومانەکەی چەند ڕۆژ لەمەوبەری ناوچەی شارباژێر و ناوچەی پێنجوێنەوە، ترس و دڵەڕاوکێ لای ھاووڵاتییان پەیدا بووە، بەداخەوە دەبووایە حکوومەتی عێراقی ھەڵوێستی هەبووایە، حکوومەتی عێراقی پێی ناخۆشە ئێمە لە کەرکووک بین، بەڵام پێی ناخۆش نییە گوندەکانی کوردستان بۆردومان بکرێن.”

ڕوونیشی كردەوە: “کاتی خۆی خۆمان جێگەی پەکەکەمان کردووەتەوە، دەبووایە ئەو کاتەی شەڕمان لەگەڵدا دەکردن، یەکلاییمان بکردایەتەوە. ئێستا ئاساییە کە پەکەکە ھاتووەتە ئێرە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە نازانین سیاسەت بکەین، دەنا بەپێی یاسای ھەموو وڵاتێک جگە لە خەڵکی وڵاتەکە، کەسی دیکە بۆی نییە چەکی پێ بێت، ئەو کاتەی ئێمە لە ئێران پێشمەرگە بووین، نەماندەتوانی چەکەکانمان بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بەرین، بەڵام ئێستا پەکەکە بە چەکەوە دەگەڕێن و گومرگ لە خەڵک دەستێنن، بۆیە ئێمە ناتوانین چارەیان بکەین، ئەوان بە قسەی خۆش نایەنە ژێر بار، ئەی چی بکەین، خۆ شەڕیان لەگەڵدا ناکەین“.

ئەو کادیرەی یەکێتی گوتیشی: ”ئەرکی پەکەکە ئەوەیە لەم وڵاتەدا بە بێدەنگی دابنیشێت تا حکوومەتی ھەرێمی كوردستان بتوانێت ھاوکاریی مرۆییان بکات، دەنا باشترە بڕۆنەوە بۆ تورکیا و لەوێ چی دەكەن با بیكەن”.

ئەحمەد قەدەفەری، كه‌ بۆ باسنيوز قسه‌ى كردووه‌ ئاماژەی بەوەش کردووه‌: “ئاخۆ پەکەکە ھەرێمی کوردستان بە شوێنێکی ئارام دادەنێت؟ نەخێر شتی وا نییە، بۆ ئەوان ئارامە، چونکە چەکیان پێیە و کەس ناڵێت بۆ کوێ دەچن؟ بۆیە تا خۆمان ڕێک نەخەینەوە، کارێکی خراپ دەکەین، چونکە بچووکترین ڕێکخراو چەکی پێ بێت، کەس ناتوانێت ڕێی لێ بگرێت، بۆیە بۆ پەکەکە وا باشترە کە بە بێدەنگی دابینشێت و کێشە نەنێتەوە.”

Back to top button