شەقامەکانی هەولێر بۆ پێشوازیکردن لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەڕازێنرێنەوە

له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان شه‌قامه‌كان به‌ ئاڵای كوردستان و كۆماری فه‌ره‌نسا رازێنراونه‌ته‌وه‌، بۆ پێشوازیكردن له‌ ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا.

ماكرۆن بڕیاره‌ سبه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌یی هه‌رێمایه‌تی به‌غدا به‌شداری بكات.

به‌شداری ماكرۆن، به‌ یه‌كه‌م به‌شداری سه‌رۆكی وڵاتێكی ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌ لوتكه‌ییه‌كه‌دا.

ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ لوتكه‌ییه‌ تایبه‌ته‌ به‌ تاوتوێكردنی ره‌وشی هه‌رێمایه‌تی ناوچه‌كه‌ و ئاماده‌كاری بۆ به‌رگرتن له‌ هه‌ر پێشهاتێكی مه‌ترسیدار، كه‌ به‌ هۆی بڕیاری كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ ئه‌فغانستان و ناوچه‌كه‌ بێته‌ ئاراوه‌.

ناوچه‌كه‌ له‌ لێواری گۆڕانكاری دایه‌، ئاسایشی هه‌رێمایه‌تی، په‌یوه‌ندی نێوان وڵاتانی ناوچه‌، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و پرسه‌ دوو لایه‌نییه‌كانی نێوان وڵاتان ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌ لوتكه‌ییه‌كه‌ ده‌بن.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ لوتكه‌ییه‌كه‌دا، هه‌ریه‌ك له‌ به‌رپرسانی باڵای عێراق، ئوردن، میسر، سعودییه‌، ئێران و توركیا به‌شدار ده‌بن.

ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی كۆماری توركیا و ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌ لوتكه‌ییه‌كه‌ ناكه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی ره‌سمی ئه‌م ده‌نگۆیانه‌ی پشتڕاست یاخود ره‌ت نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

له‌ حاڵه‌تی به‌شداریكردنیان له‌ كۆبوونه‌وه‌ لوتكه‌ییه‌كه‌ ئاماده‌كاری كراوه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و میسر له‌ لایه‌ك و ئێران و میسر له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان پشكی خۆی

جه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانی و پۆلێك پێشمه‌رگه‌
جه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانی و پۆلێك پێشمه‌رگه‌

له‌و رووداوه‌ دیپلۆماتییه‌ گرنگه‌ی ناوچه‌كه‌ به‌ركه‌وتووه‌ و سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن جگه‌ له‌ به‌غدا سه‌ردانی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

سه‌ردانه‌كه‌ی ماكرۆن، به‌ دووه‌م سه‌ردانی بۆ عێراق هه‌ژمار ده‌كرێت، دوای ئه‌وه‌ی له‌ (ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2020)، له‌ به‌یرووته‌وه‌ گه‌یشته‌ به‌غدا، هه‌روه‌ها به‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌ژمار ده‌كرێت.

یه‌كه‌م سه‌ردانی ماكرۆن بۆ هه‌رێم دوای ئه‌وه‌ دێت، پێشتر، سه‌رۆكی پێشووی فه‌ره‌نسا، فرانسۆ ئۆلاند، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردبوو، به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، سه‌ردانی به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی سه‌نگه‌ری به‌رگری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد له‌ سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا.

سه‌ردانی سه‌رۆكی پێشووی فه‌ره‌نسا بۆ هه‌ولێر
سه‌ردانی سه‌رۆكی پێشووی فه‌ره‌نسا بۆ هه‌ولێر

سه‌ردانه‌كه‌ی ئۆلاند، ته‌نیا پێشینه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد و فه‌ره‌نسا نییه‌، به‌ڵكو مێژووی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ له‌وه‌ دێرینتره‌، كه‌ باسی ده‌كرێت.

له‌ رووی سیاسییه‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی پاریس و شۆڕشی كورد، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ده‌یه‌ی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، كاتێك مسته‌فا بارزانی، رابه‌ری جووڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی خه‌ڵكی كوردستان، كه‌ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلوول (1961 – 1975)ی ده‌كرد، نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی فه‌ره‌نسا، جه‌نه‌راڵ شارڵ دیگۆڵ، كرد و تێیدا ره‌خنه‌ی له‌ پڕچه‌ككردنی سوپای عێراق گرت.

به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی پێشووی فه‌ره‌نسا
به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی پێشووی فه‌ره‌نسا

جه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانی، له‌ نامه‌كه‌یدا كه‌ ساڵی 1967 ئاراسته‌ی دیگۆڵی كردبوو، نووسی بووی: كورد تێگه‌یشتنی بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی فه‌ره‌نسا هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ هاوڕێك نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌دا فڕۆكه‌ بفرۆشنه‌ به‌غدا بۆ كوشتنی ژن و منداڵی كورد.

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و داوایه‌ی جه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانیدا، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا گرێبه‌ستی فرۆشتنی پۆلێك فڕۆكه‌ی جه‌نگی و شه‌ڕكه‌ری به‌ عێراق هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

فه‌ره‌نسا نه‌ك ته‌نیا له‌گه‌ڵ كوردی باشووری كوردستان، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ كوردانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش به‌ تایبه‌تی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای كوردستان په‌یوه‌ندی هه‌یه‌.

له‌ سه‌رده‌می نوێدا، به‌ تایبه‌تی دوای راپه‌ڕین، بۆ یه‌كه‌مجار، خاتوو دانیاڵ میتران، هاوسه‌ری سه‌رۆك كۆماری پێشووی فه‌ره‌نسا، فرانسوا میتران، له‌ ساڵی 1991 سه‌ردانی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كرد.

دانیال میتران و سه‌رۆك بارزانی له‌ 1992
دانیال میتران و سه‌رۆك بارزانی له‌ 1992

له‌و سه‌ردانه‌دا، دانیاڵ میتران، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی كۆبوه‌وه‌ و پشتیوانی بۆ دۆزی ره‌وای خه‌ڵكی كوردستان ده‌ربڕی.

خاتوو میتران، به‌رده‌وام بوو له‌ پشتیوانیكردنی دۆزی ره‌وای كوردستان و به‌ كاریگه‌ری هه‌وڵه‌كانی فه‌ره‌نسا، توانرا بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی ژماره‌ 688ی تایبه‌ت به‌ هێڵی دژه‌ فڕین له‌ كوردستان ده‌ربكرێت، كه‌ له‌ سایه‌یدا كیانی سیاسی و یاسایی خه‌ڵكی كوردستان دامه‌زرا.

په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كوردستان و پاریس له‌ سه‌رده‌می جاك شیراك و ساركۆزی به‌رده‌وام بوون و به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و كاته‌ی فه‌ره‌نسا، بۆ یه‌كه‌مجار نوێنه‌رایه‌تی فه‌ره‌نسا له‌ شاری هه‌ولێر كرایه‌وه‌، دواتر كرایه‌ كونسوڵخانه‌ی فه‌ره‌نسا.

سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكی پێشووی فه‌ره‌نسا، فرانسوا ئۆلاند
سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكی پێشووی فه‌ره‌نسا، فرانسوا ئۆلاند

سه‌رۆك بارزانی، له‌ ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی فرانسوا ئۆلانددا سێ جار سه‌ردانی كۆشكی ئه‌لیزێی كرد.

دوای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی خه‌ڵكی كوردستان له‌ ئه‌یلوولی 2016دا، كاتێك ده‌رودراوسێ و به‌غدا، ده‌روازه‌كانیان به‌ رووی هه‌رێمی كوردستاندا به‌رته‌سك كرده‌وه‌ و به‌غدا گه‌مارۆی دارایی و ئاسمانی به‌سه‌ر هه‌رێمدا سه‌پاند، كۆشكی ئه‌لیزێ له‌ دیسه‌مبه‌ری 2017دا به‌ فه‌رمی بانگهێشتی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ئه‌و كات، نێچیرڤان بارزانی و جێگره‌كه‌ی كرد بۆ پاریس و بووه‌ته‌ یه‌كه‌م وڵاتێك، كه‌ گه‌مارۆی ئاسمانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بشكێنێت.

هه‌روه‌ها له‌ ته‌مموزی 2019دا جارێكی دیكه‌، نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانی كۆشكی ئه‌لیزێی كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كۆبوه‌وه‌.

سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی هه‌رێمی كوردستان و جێگره‌كه‌ی بۆ پاریس
سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ پاریس

جاری سێیه‌می دیداریان ئه‌و كاته‌ بوو، كه‌ ماكرۆن له‌ به‌یرووته‌وه‌ سه‌ردانی به‌غدای كرد، كه‌ له‌ ئه‌یلوولی 2020دا بوو.

جاری چواره‌می دیداری نێچیرڤان بارزانی و سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، له‌ مانگی ئازاری رابردوو بوو، كاتێك نێچیرڤان بارزانی، وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی پاریسی كرد و له‌ ئه‌لیزێ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كۆبوه‌وه‌.

جگه‌ له‌و دیدارانه‌، دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ (10ی ته‌مموز/ یۆلیۆی 2019)دا، كابینه‌كه‌ سه‌رنجی له‌سه‌ر بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماتییه‌كانی له‌گه‌ڵ دۆستانی دۆزی كورد چڕكردووه‌ته‌وه‌.

یه‌كێك له‌و دۆستانه‌ی كورد، فه‌ره‌نسایه‌، كه‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ رۆڵ و پێگه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ڕوانێت.

سه‌رۆكی پێشووی فه‌ره‌نسا له‌ كاتی پێشوازی له‌ سه‌رۆك بارزانی
سه‌رۆكی پێشووی فه‌ره‌نسا له‌ كاتی پێشوازی له‌ سه‌رۆك بارزانی

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، رۆژی (18ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019)، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیاندا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەێمی کوردستان دەربڕی و گوتی: هاتووم پشتگیریی فەرەنسا بۆ خەڵکی هەریمی کوردستان دووپات بکەمەوە کە لە شەڕی دژی داعشدا رۆڵێکی گەورەی گێڕا و قوربانییەکی زۆریاندا. گوتیشی من بەچاوی خۆم ئازایەتی و قارەمانیەتی پێشمەرگەم بینیوە.

پێشوازی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا، جان ئێڤ ئۆدریان، رۆژی (18ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019)
پێشوازی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا، جان ئێڤ ئۆدریان، رۆژی (18ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019)

رێزگرتن له‌ پێشمه‌رگه‌، كه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی و سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ (2014 – 2017) شه‌ڕی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رێكخراوی داعشی كرد و توانی ئه‌فسانه‌ی داعش تێكبشكێنێت و رێگه‌ بۆ كه‌وتنی خیلافه‌تی داعش له‌ مووسڵ خۆش بكات، یه‌كێكه‌ له‌ په‌یامی سه‌ردانی ئه‌مجاره‌ی ئیمانوێڵ ماكرۆن.

ماكرۆن، به‌ سه‌ردانێكی ره‌سمی سبه‌ی له‌ به‌غدا و دوو سبه‌ی له‌ هه‌ولێر ده‌بێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌ستیان به‌ رازاندنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان به‌ ئاڵای كۆماری فه‌ره‌نسا و كوردستان كردووه‌.

دیمه‌نێكی هه‌ولێر
دیمه‌نێكی هه‌ولێر

له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێری پایته‌خت، له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێده‌كرێت و یه‌كێك له‌ ئه‌جێنداگرنگه‌كانی سه‌ردانه‌كه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كۆشكی ئه‌لیزێ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌ی ماكرۆنه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی مێژوویی خه‌ڵكی كوردستان، سه‌رۆك بارزانی و پاشان كۆبوونه‌وه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان.

سه‌رۆك بارزانی له‌ كاتی سه‌رپه‌رشتیكردنی به‌ره‌كاری به‌رگری
سه‌رۆك بارزانی له‌ كاتی سه‌رپه‌رشتیكردنی به‌ره‌كاری به‌رگری

دوای هه‌ولێر، ماكرۆن سه‌ردانی مووسڵ ده‌كات، ئه‌و شاره‌ی به‌شێكی به‌ هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ وێران كراوه‌ و تا ئێستا ئاوه‌دان نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

له‌ مووسڵ ماكرۆن سه‌ردانی كێڵسه‌ی خۆرهه‌ڵاتیی و مزگه‌وتی نوری ده‌كات، كه‌ له‌ 2014دا ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، خه‌لیفه‌ی داعش خیلافه‌تی تێدا راگه‌یاند و له‌ كاتی شه‌ڕی مووسڵدا له‌ لایه‌ن فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی دژ به‌ داعش به‌ چڕی بۆردومان كرا و مزگه‌وته‌كه‌ خاپوور كرا و ئێستا كار بۆ درووستكردنه‌وه‌ی ده‌كرێت.

دیمه‌نێكی هه‌ولێر
دیمه‌نێكی هه‌ولێر

س: k24

Back to top button