ئومێد خۆشناو: چه‌ندین پڕۆژه‌ی گرنگی دیكه‌ له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌

پارێزگاری هه‌ولێر، ڕایگه‌یاند كه‌ لە هەریەک لە گەڕەکەکانى فەرمانبەران و هەولێری نوێ و پیشەسازیی باکوور چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، كه‌ بریتین له‌ دروستکردنى شەقام و دانانى تۆڕەکانى ئاوەڕۆ و نۆژەنکردنەوەى چەند شەقامێک و قیرتاوکردنى ئەو شەقامانەى ڕێك و ئاماده‌ كراون.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 28 ى 8 ى 2021 ، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر دواى دانانى بەردى بناغەى ئەو پڕۆژانە گوتى: ئەو پڕۆژانەى لە شارى هەولێر جێبەجێ دەکرێن و دەکەونە خزمەتەوە بریتین لەو بەڵێنانەى داومانە بۆ خزمەتى هاووڵاتیانى خۆمان، بە شێوەیەک ئێستا بەپێی ئەو دەرفەت و بودجەیەی لەبەردەستە جێبەجێی دەکەین.
باسی لەوەش کرد کە ئەو پڕۆژانە بە گوژمەى زیاتر لە یەک ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن و لە داهاتووشدا چەند پڕۆژەیەکى دیکە جێبەجێ دەکرێن.

هەروەها ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە لە کاتى جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژانەدا، هەم پێویستیان بە بودجە هەیە هەم کاتى پێویستیش، لە هەوڵدان بودجەى پێویست دابین بکەن و بە پێی کاتیش پڕۆژەکان جێبەجێ دەکەن.
ئەم پڕۆژانەى ئەمڕۆ لە شارى هەولێر ڕاگەیەنران بریتى بوون لە:

دانانی بەردی بناغەی قیڕتاوکردنی چەند شەقامێک لە هەشت هەزاری گەڕەکی فەرمانبەران، بەگوژمەی (366,000,000) سێسەد و شەست و شەش ملیۆن دینار، هەروەها بەردی بناغەی قیرتاوکردنی چەند شەقامێکی سەرەکی و ناوخۆیی گەڕەکی هەولێری نوێ و چاککردنەوەی شەقامە تێکچووەکانی پیشەسازیی باکوور، بە گوژمەی(579,000,000) پێنجسەد و حەفتاو نۆ ملیون دینار. جگە لەدانانی تۆڕی ئاو بۆ هەردوو گەڕەک بە گوژمەی (68,000,000) شەست و هەشت ملیۆن دینار.

Back to top button