سەرکردەیەکی پێشووی گۆڕان: سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی سەرۆک بارزانی دەکات وەکوو ڕەمزێکی کوردستانی

ئەندامێكیی پێشووی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، رايده‌يگه‌ينێت، سەردانەکەی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ ھەرێمی کوردستان، وەکوو وڵاتێکی زلھێزی ئەندامی ڕێکخراوی ناتۆ، ئەوە دووپات دەکاتەوە کە گەلی فەڕەنسا ھەمیشە دۆستی گەلی کورد دەبێت و لە بەگژاچوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەبێت.

دکتۆر سابیر ئیسماعیل گوتیشی: “کاتیک سەرۆکێکی گەورەی ئەورووپایی سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات، بەڵگەی ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکەدا بۆ ئەورووپا و فەڕەنسا پێگەیەکی زۆر گرنگی ھەیە و ئەو وڵاتانە دەیانەوێت لە ڕێگەی کۆمپانیا بازرگانییەکانی خۆیانەوە بایەخ بە ئابووریی ھەرێمی کوردستان بدەن”.

ئەوەیشی خستە ڕوو: ”سەردانەکەی ماکرۆن بۆ ھەرێمی کوردستان لەم کاتەدا زۆر گرنگە، چونکە ئێستا ناوماڵی شێعە بەرەو لاوازی و لێکترازان دەڕوات و ئەم سەردانە پەیامێکیشە بۆ وڵاتانی دیکە، چونکە بە ھەموو پێوەرێکی مێژوویی و نێودەوڵەتی، فەڕەنسا لەو وڵاتانەی دیکە گەورەترە و بیگومان ماکرۆن بەو سەردانەی دووپاتی دەکاتەوە کە وەکوو سەرۆکی وڵاتێکی گەورە سەردانی کوردستانی کردووە و پەیامێکیشی داوە بە هەموان کە وا نەزانن کوردستانی فەرامۆش کردووە. بۆیە دەبوو یەکێک لە سەرکردەکانی ھەرێمی کوردستان بەشداریی ئەم کۆنگرەیەی بکردایە، چونکە ھەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گرنگە و رۆڵی ھەیە”.

ئەو ئەندامەی پێشووی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان كه‌ بۆ باسنيوز قسه‌ى كردووه‌ ئاماژەی بەوەش کردووه‌: ”سەرۆکی فەڕەنسا وەکوو ڕەمزێکی کورد و كوردستانی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ دەبێتەوە، چۆنکە ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی وەک شۆڕشگێڕێک و وەک سەرکردەیەکی بەئەزموونی کورد بەتەنیا لەناو گۆڕەپانەکەدا ماوەتەوە، ئەگەر بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ژاپۆن و ھەر وڵاتێک سەردانی کوردستان بکەن، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ دەبنەوە. بۆیە سەرۆکی فەڕەنساش سەردانی سەرۆک بارزانی دەکات و دەیەوێت لە ڕێگەی سەرۆک بارزانییەوە خوێندنەوەیەکی باش بۆ باوردۆخی سیاسیی کوردستان بکات“.

Back to top button