هەولێر: سەنتەری پێدانی ڤاکسین بۆ مامۆستایان دەکرێتەوە

گوتەبێژی تەندروستیی هەولێر راگەیاند سەنتەرێکی تایبەت بە پێدانی ڤاکسینیان بۆ مامۆستایانی شاری هەولێر ئامادەکردووە، کە لەم رۆژانەدا بە فەرمی دەکرێتەوە.
بژار موسا، گوتەبێژی تەندروستیی هەولێر رايگەیاند: “ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی ئەو سەنتەرە تەواو بووە، لەم چەند رۆژە وەکو تێست چەند مامۆستایەک ڤاکسینیان وەرگرتووە، بە هاوکاری تیمێکی پزیشکی و تیمی ئایتی بۆ دانانی میکانیزمێکی خێرای نۆرە وەرگرتن لەو سەنتەرە. کە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی مامۆستایان دەتوانن سەردان بکەن و بلیتێک ببڕن، تاوەکو ڤاکسینەکە وەربگرن، بەم شێوەیە قەرەباڵغی دروست نابێت”.
سەنتەرەکە لە نێو باڵەخانەی قوتابخانەی فاخیر مێرگەسۆریی لە شاری هەولێر کراوەتەوە و تەنیا تایبەتە بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی سنووری پەروەردەی هەولێر.
سەبارەت بە کاتەکانی کارکردن لەو سەنتەرە، گوتەبێژی تەندروستیی هەولێر گوتی: “لەگەڵ دەوامی فەرمی رۆژانە دەکرێتەوە، بەڵام هەوڵدەدەین کاتەکەی تاوەکو ئێوارە درێژ بکەینەوە.
سەرەتای ئەم مانگە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی کرد کە پابەندی رێنوێنییە تەندروستییەکان بن و ڤاکسین وەربگرن.
رۆژانی سێشەممە لە هەفتەدا تایبەتە بە مامۆستایان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، بە مەرجێك لە كاتی گەڕانەوەی ناویان ناسنامە یان پشتگیری قوتابخانەی لەگەڵدا بێت.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە 01-08-2021 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو: “پاڵپشت بە داتا تۆمارکراوەکانی سیستەمی (e-parwarda)، سیستەمی ئەلیکترۆنی وەزارەتمان تاوەکو ئێستا چوار هەزار و 262 مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتمان (پێکوتەی ڤاکسینی کۆرۆنا) یان وەرگرتووە.
هەفتەی رابردوو وەزیری پەرەوەردە لە رێگەی نووسراوێکەوە داوای لە مامۆستایانی قوتابخانە و پەیمانگاکان کرد کە رۆژی 1-9-2021 دەست بە دەوام بکەن. پشتریش بریکاری وەزارەتی پەروەردە بە رووداوی راگەیاندبوو کە رۆژی 14ی ئەم مانگە دەوامی قوتابخانەکان دەستپێدەکاتەوە.
س:رووداو
Back to top button