سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی فەڕەنسا دەكات
ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە ٢٩ـی ئابی ٢٠٢١ لە شاری هەولێر سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەرۆك ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و كونسوڵی فەڕەنسا لە شاری هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سیاسی و سەربازیی حكوومەتی فەڕەنسا.
لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی سەرۆك ماكرۆن سوپاسی گەل و وڵاتی فەڕەنسای كرد كە لە تێكشكاندنی داعشدا پاڵپشتی گەلی كوردستان و پێشمەرگە بوون و، ئەوەی بە مێژوویەكی هاوبەشی شەرەفمەندانەی نێوان هەردوو گەل پێناسە كرد. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان خاوەنی فەرهەنگی پێكەوەژیانە و داعش نەیتوانی ئەو فەرهەنگە لە گەلی كوردستان بستێنێت و نەیتوانی لەناو كۆمەڵگەی كوردستاندا پێگە بۆ خۆی دروست بكات. سەرۆك بارزانی سوپاسی هەوڵەكانی سەرۆك ماكرۆنی كرد بۆ یارمەتیدانی عێراق و ڕایگەیاند كە ئەم هەوڵانە مایەی گەشبینین.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك ماكرۆن ڕایگەیاند كە “ویستم سەرۆك بارزانی ببینم بۆ دووپاتكردنەوەی ڕێز و دۆستایەتیی نێوان دوو گەل و بەردەوامبوونی پابەندیی فەڕەنسا بە شەڕی تیرۆریستانی داعش”. ئەوەشی خستەڕوو كە پێشمەرگە بوێرانە شەڕی كرد و بوو بە سەرچاوەی ئیلهام و، ئەوە خۆیلەخۆیدا وانەیەكە كە یارمەتیدانی بیانی بە بێ بوونی جەنگاوەری بوێر لەسەر ئەرز سەرناكەوێت. هەر پەیوەست بە هەڕەشەی تیرۆریستان سەرۆك بارزانی ئەوەشی بە سەرۆكی فەڕەنسا ڕاگەیاند كە هەڕەشەی تیرۆر هێشتا ماوە چونكە ئەو هۆكارانەی بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی تیرۆر و توندڕۆیی هێشتا ماون.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و گرفتەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق تاوتوێ كرا و هەردوولا هیوایان خواست كە هەڵبژاردنەكانی عێراق ببێتە ئامرازێكی باش بۆ دروستبوونی گۆڕانكاری و پێشڤەچوون و بەدیهاتنی ویست و ئیرادەی هاووڵاتیان.
بارودۆخی شنگال و ڕۆژئاوای كوردستان تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو و سەرۆك بارزانی نیگەرانییەكانی خۆی لەمەڕ ئاییندەی كورد لە سووریا بە سەرۆك ماكرۆن گەیاند.
دوای تەواوبوونی ئەو كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی پەیكەری پێشمەرگەی وەك هێمای بەرخودانی گەلی كوردستان لە بەرانبەر تیرۆر پێشكەشی سەرۆك ماكرۆن كرد و سەرۆكی فەڕەنساش دیارییەكی تایبەتی كە هێمای كۆماری فەڕەنسایە پێشكەش بە سەرۆك بارزانی كرد.
دواتر سەرۆك بارزانی یاوەریی سەرۆك ماكرۆنی كرد بۆ دیداری لەگەڵ خانەوادەی شەهید هوجام سورچی و پۆلێك پێشمەرگەی ئافرەتی هێزەكانی زێرەڤانی هەرێمی كوردستان.