ئهمريكا: وڵاتهكهمان لە عێراق و هەرێمی كوردستان دهمێنێتهوه
رۆبهرت پاڵهدینۆ، كۆنسوڵی گشتی ئهمریكا له ههرێمی كوردستان له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا رایگهیاند: وڵاتەكەی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دهمێنێتهوه و گوتیشی: بارودۆخی ئهفغانستان جیاوازه و جیاوازییهكهی ئاسمان و رێسمانه.
کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان گوتی: “سەرۆک بایدن لە گرنگی هەرێمی کوردستان و عێراق تێدەگات و بە روونی بە مستەفا کازمی گوتووە، سەقامگیری عێراق بۆ ناوچەکە گرنگەو، بارودۆخی عێراق و ئەفغانستان جیاوازە، شەڕی داعش کۆتایی نەهاتووە و بەرژەوەندییەکان وا دەخوازن پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و عێراق بەردەوام بن”.
کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، گوتيشى: “بایدن، پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمەریکا هەرێمی کوردستان و عێراق جێناهێڵێت، تەنیا هێزە شەڕکەرەکان لە عێراق دەگوازێتەوە و، ئێمە پابەندین بە پەیوەندیی دوورمەودا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان خەڵکی کوردستان و ئەمەریکا لە هەمووکات پتەوترە و بەردەوامیش دەبێت”.
رۆبهرت پاڵهدینۆ، زياتر گوتى: “هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە هەرێمی وکوردستان و عێراق نەبووە، سەرۆک بایدن، یەکێکە لەو سەرۆکانەی تێگەیشتنی قوڵی هەیە و دۆستایەتییەکی باشی لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان هەیە، حکومەتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەمێنێتەوە، بەیەکەوە دەبین بۆ ماوەیەکی دوور مەودا، سەرۆک بایدن زۆر پابەندە بە بەهێزکردن و بەرەو پێشوەبردنی ئەو پەیوەندییەکی کە هەمانە”.
کونسوڵی ئەمەریکا، بە زمانی کوردی گوتی: “حەز دەکەم پەیوەندییەکان بگەیەنمە ئاستێکی بەرزتر، بۆ بەرژوەندی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا”.
رۆبهرت پاڵهدینۆ، باسى لهوهشكرد كه: “حکومەتی ئەمەریکا زۆر شانازی بە رۆڵی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی عێراق دەکات، زۆر بە توانان لە تێکشکاندنی داعش. بەتایبەتی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، حکومەتی ئەمەریکا لە رێگەی دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستی سەربازیی و راهێنان پشتیوانی پێشمەرگە دەکات، هەروەها حکومەتی ئەمەریکا پشتیوانی لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات، لە ساڵانی رابردوودا زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلارمان بۆ بەرەوپێشوەچوونی هێزەکانی پێشمەرگە دابین کردووە، پێشمەرگە داعشی تێکشکاند و ئێستا لە دۆخێکی زۆر باشتردایە”.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، رۆبهرت پاڵهدینۆ، گوتى: “ئێمە وەک ئەمەریکا پاڵپشتی و لایەنگری هیچ لایەنێک ناکەین، بەڵام حکومەتی ئەمەریکا پشتیوانی لە حکومەتی عێراق دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف کە جێی متمانەی خەڵک بێت، هیوادارین خەڵکی عێراقیش بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن و مومارەسەی مافی سیاسی خۆیان بکەن، ئەو هەڵبژاردنە بۆ خەڵکی عێراقە و لە دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراق، بەشێوەیەکی قوڵ باسی ئەو بابەتە کراوە، هیوادارین ئەو کەشە بڕەخسێت هاووڵاتییان بە ئازادانە بەشداری لەو پرۆسەیە بکەن، ئەمەریکا پشتیوانی لەو تیمە نێودەوڵەتیانە دەکات کە بۆ چاودێری هەڵبژاردن دێنە عێراق، خەڵکی عێراق حکومەت و پەرلەمانێکی دەوێت کە نوێنەرایەتیان بکەن و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت”.
له كۆتايى كۆنگره رۆژنامهوانييهكهيدا کونسوڵی ئەمەریکا، لهبارهى شهڕى داعش گوتى: “ئەگەر داعش پاشگوێ بخرێت، بێگومان چالاک دەبێتەوە. لەبەر ئەوەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەنێوشیاندا حکومەتی ئەمەریکا و عێراق، هەماهەنگن بۆ کۆتایی پێهێنانی داعش. هەموومان لە مەترسییەکانی داعش تێدەگەین، هیچ هەفتەیەک نییە لێرە هەواڵێکی ناخۆش لەسەر داعش نەبیستین، یەکێک لە کردەوەکانیان هێرشکردنە سەر تاوەرەکانی کارەبایە و دەیانەوێت بەم گەرمایە خەڵک بێ کارەبا بکەن، بۆیە پێویستە کە بەردەوام بین لە شەڕی دژی داعش، حکومەتی عێراقیش ئەو بابەتە سەزانێت و ئەمەریکاش پابەندە”.