وەزیری دارایی: حكومهتى ههرێمى كوردستان ئەژماری بانكی بۆ سەرجەم موچەخۆرانی كەرتی مەدەنی جێبەجێدەكات
وەزارەتى دارایی و ئابوورى ههرێمى كوردستان رايدهگهينێت مووچەى فەرمانبەران لە ڕێگەى بانەکەکانەوە دابەش دەکات و مووچەخۆر ڕاستەوخۆ لە بانکەوە مووچەکەى وەردەگرێت. سەرپەرشتیارى لیژنەى جێبەجێکردنى یاسای چاکسازییش ئاشكراى كرد، ٢٠ هەزار مووچەى نایاسایی مووچەخۆران تاوهكو ئێستا به پێ ى ياساى چاكسازى بڕاوە.
لە دیوانى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ دووشهممه ٣٠/٨/٢٠٢١ کۆبوونەوەى نێوان وهزارهت و بانکە بازرگانییەکان بەڕێوە چوو، تا کۆدی بێهاوتایان پێ بدرێت بۆ دابەشکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.
سهبارهت به ناوهڕۆكى كۆبوونهوهكهيان، ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا رايگهياند: ”لە یاسای چاکسازیی هەریمى کوردستاندا کە لە مانگى حەوتى ساڵى ٢٠٢٠ وە جێبەجێ کراوە، بڕگەیەکى تێدایە تایبەت بە کردنەوەى ئەژماری بانکى بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان و لەمڕۆوە ئەو بڕیارە چووهتە واری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەى مووچەخۆران لە ڕێی بانکەوە مووچەکانیان وەرگرن، ئەویش هەم بۆ پێدانى مووچە و هەم بۆ وەرگرتنى بارکۆدى بێهاوتایە بۆ ئەوەى مووچەخۆران بۆ تەواوى کاروبارەکانى خۆیان ئەو ئەژمارە بەکار بێنن”.
وهزيرى دارايى و ئابوورى گوتيشى:” کارەکانى یاساى چاکسازیی تایبەت بە ڕێکخستنەوەى کەرتى بانکى چووهتە وارى جێبەجێکردنەوە.
هاوكات د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرپەرشتیارى لیژنەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازییش له كۆنگره رۆژنامهوانييهكهدا گوتى: لە ساڵى ٢٠٢٠وە هەنگاوى زۆر جددى نراون بۆ جێبەجێکردنى یاساکە، گرنگترین خاڵیش سوودوەرگرتن لە سیستمى بایۆمەترى بووە، ئەوانەش بە بڕینى مووچەى زیادەى ئەوانەى لە مووچەیەک زیاتر وەردەگرن و تا ئێستا مووچەى زیادەی ٢٠ هەزار مووچەخۆر ڕاگیراوە.
سەرپەرشتیارى لیژنەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازی گوتی: ”ئێستا زانیاریى تەواو بۆ هەموو وەزارەتەکان ڕەوانە کراوەتەوە و کاری تەواوى مووچەخۆرانى مەدەنى و وەزارەتى ناوخۆش تەواو کراوە و بەگشتى فەرمانبەران بایۆمەترییان بۆ کراوە لەگەڵ کۆدی بێهاوتای تەواوى زانیارییەکان لەبارەى مووچەخۆرانەوە دەکەونە بەردەستی دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و تا ئێستاش یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار مووچەخۆر بایۆمەترییان بۆ کراوە و سیستمەکەش لە تۆمارکردن بەردەوامە”.
د. عەبدولحەکیم خەسرەو،گوتیشی: ”ئێستا کۆدی بێهاوتاى تەواوى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کراوەتەوە و ڕادەستى وەزارەتى دارایی کراوە و ڕادەستى بانکە بازرگانییەکانیش دەکرێت و لەو سیستمەدا پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و سیستمى ئەلیکترۆنیى بانکى کارى لەسەر دەکات کە نزیکەى ٢٠ بانک کار دەکەن و بە سیستهمێکى ئەلیکترۆنى هەموو بانکەکان بە یەکەوە دەبەسترێنەوە”.
له كۆتايى قسهكانيدا عەبدولحەکیم خەسرۆ باسى لهوهشكرد كه تا ئێستا 450 هەزار مووچەخۆر لە کوردستان ئەژمێری بانکییان بۆ کراوەتەوە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.