شوان زراری: ۳۱ـی ئاب ئه‌ركێكی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی بوو

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەلێت روداوێکی گرنگی وەکو ۳۱ـی ئاب هەروا روداوێکی سادە و بێ پێشەکی نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی ئەو خۆ بەگەورە زانینی یەکێتی بوو کە بە پشت گەرمی ئیران و پەکەکە لە دژی پارتی دیموراتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامی دەدا هاتەکایەوە روویدا.

شوان زراری ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویکردۆتەوە و دەڵێت، لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە یەکێتی هیچ کات خوازیاری شەڕ نەبووە لەگەڵ پارتی، هەموو ئەو شەڕانەی لە دوای داستانی هەکارییەوە بەرامبەر پارتی هەڵیگرساندوون، پێی کراوە. چوون هیچ هێزێکی سیاسی نییە لە دنیادا دەستپێشخەربێت بۆ شەڕێک کە شکست و دۆڕانی مسۆگەرە، لە پاش داستانی هەکارییەوە یەکێتی هیچ کات ئەو هێزەی نەبووە بەرامبەر پارتی بجەنگێت.

شوان زراری باس لەوەش دەکات، پاش کۆڕەوی کوردان لە ساڵی ١٩٩١ و دیاریکردنی هێڵی ٣٦ وەک سنوور لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ هێزەکانی ڕژێمی بەعس و پێش ئەوەش ئەو هێرشەی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ سەر سوپای عێراقی بەعسی لە کەنداو، ئاماژەی گەورە و ئاشکرای نزیکبوونەوەی کۆتایی حوکمی ڕژێمی بەعس بوون لە عێراق، کۆماری ئیسلامی ئێران دوای ئەو ئاماژانە لە هەوڵی خۆ ئامادەکردندابوو بۆ قۆناغی نوێ کە کەوتنی دەسەڵاتی بەعس بوو، خۆ ئامادەکردنەکەش بریتبوو لە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی ڕژێم کە کوردستانی ئەگرتەوە. ئێران یەکێتی ناچارکرد شەڕی ناوخۆ دژ بە پارتی بەرپا بکات، وەک بینیمان لە یەکەم هەنگاودا لە مایسی ساڵی ١٩٩٤ هێزەکانی یەکێتی بێ بوونی هیچ هۆکار و بیانوویەک هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی پارتی لە قەڵادزە و زیاد لە بیست پێشمەرگەی پارتییان شەهید کرد و شەڕی ناوخۆیان هەڵگیرساند.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستۆتەروو هەڵەیەکی مێژوویی گەورەیە گەر وابزانین یەکێتی لە کۆتاییدا بە ناچاری هانای بۆ ئێران بردووە، ڕاستییەکەی ئەوەیە هەر لە سەرەتاوە ئێران یەکێتی ناچارکرد ئەم شەڕە هەڵبگیرسێنێ و هەر خۆشی هاوکاریی تەواوی لۆجستی و سەربازیی ئەکات، هەر واشبوو.

زراری دەڵێ درێژەی شەڕەکە لەو چەند ساڵەدا وەک هەمووان دەیزانن بەردەوام بریتیبوو لە گۆڕانی تەرازووی هێز لە نێوان هەردوو بەرەی شەڕەکەدا کە ئێران و پارتی بوون، یەکێتی تەنیا هێزێک بوو لە ژێر دەستی ئێراندا و هەرگیز وەک بەرەیەکی شەڕەکە هەژمار ناکرێ، تا ئەو کاتەی بڕیاردرا ئێران و بەکرێگرتەکانی کە پەکەکەش یەکێکیان بوو بە یەکجاری پارتی لەسەر نەخشەی حوکمڕانی کوردستان بسڕنەوە ئەمەش دوای هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکرات بە چاوساغی یەکێتی و دەستبەسەرکردنی فەرماندە و پاسدارەکانی ئێران لەلایەن پارتییەوە باشتر ڕوون بۆیەوە.

شوان زراری ئەوەشی خستە روو ئەم شەڕ و هێرشانەی ئێران ئەگەرچی دژ بە پارتی بوون، بەڵام ڕاستەوخۆ دژ بە خواست و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان بوو، لەوەش گرنگتر ڕاستەوخۆ گەورەترین هەڕەشەبوو لەسەر ڕژێمەکەی سەدام. ئێران و یەکێتی بوونە دوژمنی هاوبەشی ئەمریکا و بەعس و پارتی.

Back to top button