وه‌زیری په‌روه‌رده‌: چەند تیمێکی تایبەت بۆ پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایان تەرخانکراون

به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 1ى 9ى 2021 ، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و ئاڵان حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ له‌ باره‌ی پێدانی ڤاكسین به‌ مامۆستایان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی خوێندن كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییان ئه‌نجامدا.

له‌ ده‌ستپێكی كۆنگره‌كه‌دا، د.سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی رایگه‌یاند: تا ئێستا زیاتر لە 60 هەزار مامۆستا خۆیان لە سیسته‌می ئەلیکترۆنی بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆمارکردووە، ده‌شڵێت: لەو ژمارەیەش 21 هەزاریان ژەمی یەکەم و دووەم و(17 هەزار مامۆستاش ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە رایگەیاند، بەڵینمان پێدراوە زۆرترین رێژەی ڤاکسین بۆ مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە تەرخانبکرێت و چەند تیمێکی تایبەت بۆ پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایان تەرخانکراون.

وه‌زیری ته‌ندروستی راشیگه‌یاند:
بڕیارە رۆژی 14- 9 – 2021 پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ش داوا له‌ مامۆستایان ده‌كه‌ن ، پێش دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن.

تا ئێستاكه‌،171 سەنتەر بۆ پێدانی ڤاکسین کراونەتەوە، ملیۆنێک و 200 هەزار ژه‌مه‌ ڤاکسین هاتۆتە هەرێمی کوردستان و نزیکەی 700 هەزار ژەمیش بە هاوڵاتیان دراوە.

Back to top button