خەسرەو گۆران: پارتی بە 52 بەربژێر لە 32 بازنەی 12 پارێزگا بەشداریی هەڵبژاردن دەکات

 
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، حیزبەکەی لە 32 بازنەی هەڵبژاردن لە 12 پارێزگا بەشداریی هەڵبژاردن دەکات و 52 بەربژێری هەیە.
خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵ دەدەن ئەو هێزەی کە هەیانە لە بەغدا بیپارێزن و کورسیی زیاتر بەدەستبهێنن؛ دەشڵێت “گەشبینم کە لە هەموو شوێنەکان پارتی ژمارەی کورسییەکانی خۆی دەپارێزێت لە هەندێک شوێنیش گومان لەوەدا نییە کورسیمان زیاد دەکات”.
_ هیچ لێکتێگەیشتنێکتان لەگەڵ هیچ لایەنێکی دیکە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن هەیە، بە تایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان؟
خەسرەو گۆران: پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو هێزێکی سەربەخۆ لە سەرتاسەری ناوچە دابڕێندراوەکان و هەرێمی کوردستان بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات؛ بە 52 بەربژێر لە سەرتاسەری عێراق لە 32 بازنەی 12 پارێزگادا بەشداریی هەڵبژاردن دەکات.
– بۆ بانگەشە زیاتر سەرنج دەخەنە سەر چ بابەتێک؟
خەسرەو گۆران: هەڵبەتە پارتی دیموکراتی کوردستان بەرنامەیەکی تایبەتی خۆی بۆ بانگەشە هەیە؛ هەروەها سلۆگانێکی تایبەتی خۆی هەیە، واتە بەپێی ئەو دروشم و بەرنامەیەی کە دامانڕشتووە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەین؛ بێگومان شوێن بۆ شوێن جیاوازیی دەبێت؛ لە کەرکووک بە شێوەیەک قسە دەکرێت، لە هەولێر بە شێوەیەکی دیکە قسە دەکرێت، بەڵام بە گشتی ئێمە داکۆکی لەسەر بنەما سەرەکییەکانی پێکەوەژیان و دەوڵەتێکی دیموکرات و فیدراڵ و پابەند بە دەستوورەوە دەکەین، هەروەها داکۆکی لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان دەکەین، چ لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و چ لەنێو هەرێمی کوردستان.
– پارتی لە چەند پارێزگا بانگەشەی دەستپێکردووە؟
خەسرەو گۆران: جارێ بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنمان دەستپێنەکردووە، راستە بەربژێرەکانمان ماوەیەکی دوورودرێژە بۆ خۆیان بانگەشەی تایبەتی دەکەن و سەردانی خەڵک دەکەن، بەڵام وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بەنیازین بە فەرمی چەند رۆژێکی دیکە دەست بە بانگەشە بکەین.
– چاوەڕێی چی بوون کە تاوەکو ئێستا بانگەشەتان دەستپێنەکردووە؟ کەی دەست بە بانگەشە دەکەن؟
خەسرەو گۆران: زوو بوو، چونکە ئەگەر بانگەشە بۆ چەند مانگێک بێت ماوەکەی درێژە، هەمیشە کۆمیسیۆن 20 بۆ 30 رۆژی دادەنا بۆ بانگەشەی فەرمی، هەروەها مشتومڕی ئەوەش هەبوو ئایا هەڵبژاردن دەکرێت یان ناکرێت. دوای ئەوەی یەکلاکرایەوە کە لە 10ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردن دەکرێت، ئیدی بەنیازین لەم مانگەدا و دوای چەند رۆژێکی دیکە بانگەشەکە بە فەرمی لە سەرتاسەری ناوچە دابڕێندراوەکان و هەرێمی کوردستان دەستپێبکەین.

– لە کەرکووک و نەینەوا و شارە عێراقییەکان دەتوانن وەکو پێویست بانگەشە بکەن؟

خەسرەو گۆران: بەڵێ، ئێمە لە بەغدا، کەرکووک، خورماتوو، خانەقین و موسڵ و هەموو بازنەیەک بەربژێرمان هەیە، دەبێت ئەو بەربژێرانە ئازادانە بتوانن بانگەشەی خۆیان بکەن، بەشێک لە بەربژێرەکانیش نووسینگەی تایبەتیان بۆ خۆیان کردووەتەوە، لە سەرتاسەری ئەو ناوچانە ئەو بەربژێرانە بە فەرمی هاتووچۆ دەکەن و بانگەشەی خۆیان دەکەن.

– دەگوترێت لە کەرکووک کێشەتان بۆ دروستدەکەن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، لە نەینەواش مەترسی لە ساختەکاری هەیە؟

خەسرەو گۆران: تاوەکو ئێستا لە هیچ شوێنێک هیچ کێشەیەکمان بۆ دروستنەکراوە؛ ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەموو ئەو ناوچانە، لە هەر شوێنێک کێشەیەکمان بۆ دروستبکرێت، رایدەگەیێنین و دەستوەردان دەکەین. لە موسڵیش ئەگەر ساختەکاری بکرێت، ئێمە بە تووندی دژی رادەوەستین؛ ساختەکاری لەوانەیە بەو کارتانە بکرێت کە پێی دەگوترێت (قصيرة المدی – قصيرة الأمد) واتە لەو کارتانەی کە بایۆمەتری نین، بەڵام ئێمە چاودێر و بریکارمان دەبێت لە زۆربەی ئەو شوێنانەی کوردی لێیە، وەکو شنگال، زوممار، دەوروبەری موسڵ و مەخموور و هەموو ئەو شوێنانەی دیکە، لەسەر هەر سندوقێک بریکارمان دەبێت کە راهێندراوە چۆن چاودێریی پرۆسەکە بکات.

_ پێشتر ئاوارەکانی نەینەوا کێشەیان هەبوو، بە تایبەت ئەوانەی کە لەنێو شارەکانن، ئەمە چۆن چارەسەر کراوە؟ ئایا بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەو کێشانە چارەسەر کراون و دەتوانن دەنگ بدەن؟

خەسرەو گۆران: ئاوارەکانی نەینەوا دەکرێت بە دوو سێ شێوە پێناسەیان بکەین. یەکەم، ئەو ئاوارانەن کە لە کەمپەکان نیشتەجێن، ئەوانە لەنێو کەمپەکان سندوقیان بۆ دادەنرێت و دەنگ دەدەن، هەوڵێکی جیددی دەدەین بە هیچ شێوەیەک ئەو هەڵانەی کە لەلایەن هەندێک کارمەندی کۆمیسیۆنەوە کران، ئەمجارە نەکرێن یان بە ئەنقەست هیچ کارێکی وا نەکرێت کە دەنگەکان بفەوتێن، بۆیە لیژنەیەکی تایبەتمان هەیە بۆ چاودێریکردنی دەنگدان لە کەمپەکان.
بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی کەمپەکان نیشتەجێن، رێکاری تایبەت هەن. هەندێکی دیکەش هەن کە ناتوانن لێرە دەنگ بدەن، دەبێت بچنەوە شوێنەکانی خۆیان و لەوێ دەنگ بدەن، هەموو ئاسانکارییەکیش بۆ ئەوانە دەکەین، بۆئەوەی بچنە شوێنی فەرمیی خۆیان و پسوولەی خۆراکیان لەوێیە، لەوێ دەنگ بدەن، چ لە موسڵ و چ لە کەرکووک.
_ لەگەڵ ھیچ لایەنێکی کوردی و عێراقی رێککەوتنتان ھەیە بۆئەوەی دەنگ بە بەربژێری یەکدی بدەن؟
خەسرەو گۆران: وەکو لە سەرەتاوە باسم کرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو هێزێکی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردن دەکات و بانگەشەی هەڵبژاردن لە سەرتاسەری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و لە هەرێمی کوردستانیش دەکات، واتە لەگەڵ هیچ لایەنێک رێککەوتنمان نییە بۆئەوەی دەنگ بە بەربژێری یەکدی بدەین یان جۆرە هاوپەیمانییەک لەنێوانمان هەبێت.
ئومێدەوارین دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، ئەو کاتە کورد لە بەغدا یەک تیم و یەکڕیز بێت بۆئەوەی بە باشترین شێوە بتوانین داکۆکی لە مافەکانی گەلی کوردستان بکەین.

_بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی دوای هەڵبژاردن بۆ پێکهێنانی حکومەت، بۆ ئەوەش سەرنجتان لەسەر ئەوە دەبێت لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان هاوپەیمانی پێکبهێنن؟

خەسرەو گۆران: هەڵبەت نزیکترین لایەن بۆ ئێمە دەبێت لایەنە کوردستانییەکان بن، چونکە لە عێراق یەک دۆزمان هەیە؛ ئێمە ماددەی 140مان هەیە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانمان هەیە، کۆمەڵێک شتی هاوبەشمان لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان لە عێراق هەیە. ئەمجارە یاساکە گۆڕدراوە، ئەو لایەنەی زۆرترین کورسی دەهێنێت ئەو رادەسپێردرێت بە پێکهێنانی حکومەت، بێگومان ئەو لایەنەش بە تەنیا ناتوانێت ئەو کارە بکات، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ لایەنەکانی دیکە جا لایەنەکان شیعی بێت یان سوننی بێت یان کوردی بێت، بەڵام بەدەر لەوە، ئێمە وەکو لایەنە کوردستانییەکان پێش ئەوەی بچینە بەغدا دەبێت جۆرە لێکتێگەیشتنێکمان هەبێت، بزانین چۆن هەڵوێست وەردەگرین و چۆن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانی دیکە هەوڵ دەدەین حکومەت پێکبهێنین، بە چ مەرجێک و لە بەرامبەر چ دەستکەوتێک.

_ لە کاتی بانگەشەدا لایەنە سیاسییەکان دروشمی تووندیان دژ بە یەک گوتووەتەوە، پێتانوایە ئەمجارە بەهۆی بانگەشەوە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی خراپ ببن؟

خەسرەو گۆران: نەخێر بڕوا ناکەم خراپ ببێت؛ ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی عێراقییە، ئێمە لە دروشمەکانماندا داکۆکی لە تەبایی و پێکەوەژیان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین. بێگومانیش لە ناوچە دابڕێندراوەکانیش واتە لە کەرکووک، خانەقین، خورماتوو، مەخموور و موسڵ و شنگال زیاتر داکۆکی لە ماددەی 140 و گەڕانەوەی ئەو شوێنانە بۆسەر هەرێمی کوردستان دەکەینەوە. لە پاڵ ئەوەشدا ئێمە داکۆکی لە برایەتیی گەلان و پێکەوەژیانی هەموو گەلانی عێراق دەکەین لەو ناوچانە. پێشبینی ناکەین لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان کێشەیەکمان هەبێت لەسەر ئەم جۆرە دروشمانە، بە پێچەوانەوە دروشمەکانمان لەوانەیە هەمان دروشم بێت لەو شوێنانە.

_  دەنگدەران جۆرێک لە ساردبوونەوەیان پێوە دیارە؛ چۆن هەوڵ دەدەن گەرم و گوڕییەک بخەنە نێو پرۆسەی هەڵبژاردن، بۆئەوەی هاونیشتمانیان دەنگ بدەن؟

خەسرەو گۆران: راستە دەنگدەرانی ئێمە لە ناوچە دابڕێندراوەکان تۆزێک بێزارییەکیان پێوە دیارە لەبارەی هەموو ئەو رووداوانەی کە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر و هاتنی سوپای عێراق بۆ ئەو ناوچانە و داگیرکردنەوەی ئەو ناوچانە لەلایەن ئەوانەوە. بێگومان بە هەموو لایەکەوە دەبێت هەوڵ بدەین گەرموگوڕی بخەینە ناو ئەو خەڵكەوە، داکۆکی لە مافەکان بکەین، چونکە هێشتا مافەکانیان زەوت کراون لەلایەن بەغداوە.
لە هەرێمی کوردستانیش ئەو ساردیەی هەیە، دەبێت نەیهێڵین، ئەوەش بە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر، پرسی مووچەی فەرمانبەران و کۆمەڵێک شتی دیکەی یاسایی کە دەبێت لەسەریان رابوەستین بۆئەوەی خەڵکی خۆمان ئاشت بکەینەوە.
_ بە گوێرەی پێشبینیی خۆتان چەند کورسی بەدەست دەھێنن؟
خەسرەو گۆران: بێگومان هەوڵ دەدەین ئەو هێزەی کە هەمانە لە بەغدا بیپارێزین و کورسیی زیاتر بەدەستبهێنین؛ گەشبینم کە لە هەموو شوێنەکان پارتی ژمارەی کورسییەکانی خۆی دەپارێزێت لە هەندێک شوێنیش گومان لەوەدا نییە کورسیمان زیاد دەکات.
س: رووداو
Back to top button