حكومه‌ت: پڕۆژەی هه‌پی پارك له شاری دهۆك نزیكه‌ی ٢٠٠ هه‌لی كاری به‌رده‌وامی بۆ هاووڵاتیان دابین كردووه
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رايده‌گه‌ينێت: یه‌كێك له‌و پڕۆژانه‌ی كه له لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ت و به پاڵپشتی و ئاسانكاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كراوه، پڕۆژەی ته‌له‌فریكی (هەپیی پارک ـ (happy parkـە له شاری دهۆك، کە به یه‌كێك له پڕۆژە جوان و تایبه‌ته‌كانی كوردستان داده‌نرێت و له لایه‌ن كۆمپانیای (یوبی هۆڵدینگ ـ UB holding) جێبه‌جێ كراوه و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش لای خۆیه‌وه ئاسانكاری ته‌واوی بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژەیه كردووه.
ورده‌كاریی پڕۆژەکە:
قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژەی ته‌له‌فریكی هەپیی پارکی شاری دهۆك، له ڕێكه‌وتی ٩/٥/٢٠٢١ى زایینى و به ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه. جەلال محەمەد سه‌بری به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی كۆمپانیای یوبی هۆڵدینگ كه كۆمپانیای جێبه‌جێكاره، سه‌باره‌ت به ورده‌كاریی ئه‌م پڕۆژەیه به‌م شێوه‌یه بۆ فه‌رمانگه‌ی میدیا‌و زانیاری دوا:
“پڕۆژەی ته‌له‌فریكی هەپیی پارکی کە کۆمپانیاکەمان لە شارى دهۆکى خۆشەویست جێبەجێى کردووە، له ٢٦ كابینه پێك هاتووه و هه‌ر كابینه‌یه‌ك ٨ كه‌س هه‌ڵده‌گرێت و لە خاڵى دەستپێکییەوە کە لە شەقامى بارزانەوە دەست پێ دەکات و ١٠ خولهك ده‌خایه‌نێت تا ده‌گه‌یته لووتکە چیاى زاڤا. درێژیی نێوان سه‌ره‌تای ته‌له‌فریكه‌كه بۆ سه‌ر چیای زاڤا ٣٥٠٠ مه‌ترە، واتا چوون و هاتن ٧٠٠٠ مه‌تر ده‌بێت وبهرزییهكهی ٥٠٠ مه‌تره، له كاتژمێرێكدا توانای سه‌رخستنی زیاتر لە ١٠٠٠ كه‌سی هه‌یه”.
ئاوی پڕۆژەكه له ڕێگه‌ی لێدانی بیره‌وه و به تۆڕباین بۆ سەر لوتکە چیاى زاڤا ڕاكێشراوه و له‌سه‌ر چیاکەش ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ هاووڵاتیان و گه‌شتیاران دابین كراوه هه‌ر له خواردنگه و كافتریا و شانۆی ڕۆمانی و پاركێكی گه‌وره و نافوره، و لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بڕی كاره‌بای پێویست بۆ وێستگه‌ی ته‌له‌فریكه‌كه ٥٠٠ كیلۆواته.
بووژانه‌وه و هەلى کار:
یه‌كێك له‌و هێڵانه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به تایبه‌ت كابینه‌ی نۆیه‌م كاری له‌سه‌ر ده‌كات، جۆراوجۆركردنی سهرچاوەکانی داهاته، به شێوه‌یه‌ك دروستكردنی ئه‌م جۆره پڕۆژانه ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زۆر له ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ده‌وروبه‌ریش ڕووى تێ بكه‌ن كه ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا بووژانه‌وه‌یه‌ك به كه‌رتی گه‌شتیاریی ده‌به‌خشێت و هاوكات ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی داهاتیش هه‌م بۆ ناوچه‌كه و هه‌میش بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
له‌م ڕووه‌وه جەلال محەمەد سه‌بری به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی كۆمپانیاى یوبی هۆڵدینگ گوتی: دوای كردنه‌وه‌ی پڕۆژەكه به ڕووی هاووڵاتیان و گه‌شتیاراندا، تا ئێستا ١٧ هه‌زار كه‌س له سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانی هەرێمى کوردستان و عێراق و ته‌نانه‌ت گه‌شتیارانی بیانیش سه‌ردانی ئه‌م پڕۆژەیان كردووه.
سەبارەت بە دابینکردنى هه‌لی كار لە پڕۆژەی ته‌له‌فریكی هەپیی پارکی شاری دهۆك، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی كۆمپانیاکە باسى لەوە کرد کە ته‌واوبوونی هه‌ر پڕۆژەیهك كۆمه‌ڵێك هه‌لی كاری به‌رده‌وام بۆ گه‌نج و لاوه‌كان دهڕەخسێنێت و وا ده‌كات چیتر گه‌نجه‌كانى هەرێمى کوردستان ته‌نیا بیر له دامەزراندن نه‌كه‌نه‌وه له كه‌رتی گشتی، به‌ڵكو له ڕێگه‌ی ئه‌م جۆره پڕۆژانه‌وه ده‌توانن په‌ره به وزه و تواناکانی خۆیان بده‌ن و هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌كی داهاتیش بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بكه‌ن، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا پڕۆژەی هه‌پی پارك له شاری دهۆك نزیكه‌ی ٢٠٠ هه‌لی كاری به‌رده‌وامی بۆ هاووڵاتیان دابین كردووه كه ٨٠%ی ئه‌وانه‌ی كاری تێدا ده‌كه‌ن هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانن.
دوو له‌و گه‌نجانه‌ی له‌م پڕۆژەیه كار ده‌كه‌ن، تایبه‌ت بۆ ماڵپەڕى فەرمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، قسەیان کرد:
یەکەم: سارا ئیسماعیل كه کچێکى ته‌مه‌ن ٢٠ ساڵه و كارمه‌نده له‌م پڕۆژەیه گوتی: من بۆ ماوه‌ی چوار مانگه لێره كار ده‌كه‌م و زۆر دڵخۆشم به كاره‌كه‌م کە بووەتە بنەمایەکى داهاتى باش بۆ خۆم و بنەماڵەکەم و بەردەر لەمەش ئیتر واى لێ کردووم کە لە خەمى دامەزراندن نەبم لە لایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە.
دووەم: سیپان ئه‌زهه‌ریش کە لاوێکى ٢٧ ساڵە و له ڕێگه‌ی ئه‌م پڕۆژەوه كاری ده‌ستكه‌وتووه، گوتی: من ماوه‌ی دوو مانگه لێره كار ده‌كه‌م و زۆر دڵخۆشم به‌وه‌ی هه‌م كارم ده‌ستكه‌وتووه و هه‌میش له ڕێگه‌ی ئه‌م پڕۆژەیهوه ده‌توانم خزمه‌ت به‌و گه‌شتیارانه بكه‌م كه سه‌ردانمان ده‌كه‌ن و ڕوویه‌كی جوانی شاره‌كه‌م نیشانی ئه‌وان بده‌م.
هاوکارى حكومه‌ت بۆ ئەم پڕۆژانه:
كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هاریكاری و پاڵپشتیی ته‌واوی وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌كات بۆ ئه‌م جۆره پڕۆژانه، چونكه وه‌به‌رهێنه‌ران به دوای ژینگه‌یه‌كی ئارام ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنانی تێدا بكه‌ن، بۆیه جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژەیه و ته‌واوی پڕۆژەكانی تریش به‌رهه‌می ئه‌و ئاسایش و ئارامیهن كه حكومه‌تی هه‌رێم بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی ڕەخساندووه، ئه‌وه‌ی تایبه‌تیش بێت به‌م پڕۆژەیه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاسانكاری ته‌واوی بۆ هێنانی سه‌رجه‌م ئه‌م كه‌لوپه‌له و پێویستییانه‌ی ئه‌م پڕۆژەیه كردووه و گه‌یاندنی ئاو و ڕاكێشانی كاره‌با و ڕێگا بۆ ئه‌م پڕۆژەیه پێویستی به پاڵپشتی حكومه‌ت هه‌یه كه حكومه‌تیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته درێغی نه‌كردووه.
قۆناغی دووه‌مى پڕۆژەکە:
پڕۆژەی هه‌پی پاركی دهۆك لە چەند قۆناغێک پێک دێت کە قۆناغى یەکەمیان تەلەفریکەکە بوو لە شەقامى بارزانى نێو شارى دهۆکەوە بۆ سەر چیاى زاڤا و وا بڕیاره له ئایندەیەکى نزیکیشدا قۆناغی دووه‌می پڕۆژەی هه‌پی پاركی دهۆك له‌سه‌ر چیای زاڤا ده‌ست پێ بكات كه لەم بەشانهی خواره‌وه پێک دێت:
– فراوانكردنی ڕووبه‌ری سه‌وزایی
– دروستكردنی یاریگا و نافوره‌ی زیاتر و مه‌له‌وانگه
– دروستكردنی مۆتێل و هۆتێل