حكوومەت ڕەشنووسی پاراستنی سامانی ئاو ئامادە دەكات
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ڕەشنووسی داڕشتن و دانانی بەرنامە بۆ پاراستنی سامانی ئاویان لە هەرێمی كوردستان ئامادە كرد و ئەمڕۆ دوا خوێندنەوەی بۆ كرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (2ی ئەیلوولی 2021) لیژنەی ڕاسپێردراو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە دانانی بەرنامە بۆ پاراستنی سامانی ئاو بە سەرپەرستیی هەردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، كۆبوونەوەی دوومی خۆی كرد و لە پەراوێكدا كە لە دوو بەش پێك هاتبوو، ڕەشنووسی ئامادەكراوی هەردوو وەزارەت خرایە بەردەم ئەندامانی لیژنەكە، بە زیادكردنی هەموو ئەو پێشنیازانەی لە كۆبوونەوەی 18ی ئابی ڕابردوو خرانە ڕوو.
كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و ئامادەبوونی كەمال محەمەد وەزیری كارەبا، د. محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، د. عەبدولحەكیم خەسرۆ بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان، بۆردی پرۆژەكان و ناوەندی یاسایی لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان.