فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لێدوانی كەسێك بە ناوی پارێزەری كەیسی جوانڕۆی باڵەبان ڕەت دەكاتەوە

 

دوای ئه‌وه‌ی كەسێكی بە ناوی پارێزەری كەیسی كوژرانی جوانڕۆی باڵەبان  رایگه‌یاندبوو كه‌ ئەفسەرێكی زێرەڤانی لەلایەن دادگاوە داوا كراوە و زێره‌ڤانی ئامادە نین دەستگیری بكەن ئەمڕۆ پێنجشەممە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا، لێدوانی ڕۆژنامەوانی.

 

لە روونكردنەوەكەی فەرماندەیی زێرەڤانیدا هاتووە “دوێنێ چوارشەممە کەسێک بەناوی پارێزەری کەیسی کوژرانی جوانڕۆی باڵەبان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند کە گوایە تۆمەتباری کەیسەکە ئەفسەرێکی زێرەڤانییە بە پلەی عەقید و دەزگا ئەمنییەکان ئامادە نین دەستگیری بکەن”.

 

هه‌روه‌ها فەرماندەیی زێرەڤانی دەشڵێ “لێرەوە بۆ ڕای گشتی رای دەگەیەنین کە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی پارێزەرێکی سەرسەختی یاسایە و بەهیچ شێوەیەک لەلایەن دادگا و دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکەوە داوای هیچ ئەفسەرێکی ئێمە بەو پلەیە یان هەر پلەیەکی دیکە سەبارەت بەو کەیسە نەکراوە بۆ ئەوەی لەبەردەم یاسا ئامادە بێت”.

 

فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە كۆتاییدا دووپاتی كردووەتەوە “هەر کاتێک داوایەکی وا هەبێت بێ دواخستن جێبەجێ دەکرێ، هەروەک پێشتریش چەندین حاڵەتی داواکاری دادگا هەبووە و لەلایەن فەرمانگەی یاسایی زێرەڤانییەوە بە ڕێوشوێنی یاسایی و سەربازی، داواکراو ڕەوانەی دادگا کراوە و ڕێوشوێنی پێویست وەرگیراوە”.

Back to top button