ڕۆیتەرز: مەلا برادەر سەرکردایەتیی حکوومەتی تاڵیبان دەکات

ئاژانسی (ڕۆیتەرز) بە پشتبەستن بە سەرچاوەکان لە ئەفغانستان ئاشکرای کردووە کە مەلا عەبدولغەنی برادەر سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی تاڵیبان، سەرکردایەتیی حکوومەتی نوێی تاڵیبان دەکات.

ڕۆیتەرز لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە سێ سەرچاوە ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردوەتەوە و ئەوەش خراوەتە روو کە لە حکوومەتەکەی تاڵیباندا کە بڕیارە دوای نوێژی هەینیی ئەمڕۆ ڕابگەیەندرێت، مەلا محەمەد یەعقووب، کوڕی مەلا حومەر دامەزرێنەری گرووپی تاڵیبان و شیرمحەمەد عەباس ستانکری، لە پۆستی باڵای حکوومەتی تاڵیباندا دەبن و ئەمڕۆ مەلا برادەر وەک سەرۆکی حکوومەت دەستبەکار دەبێت.

هەرچەند هەتا ئێستا وتەبێژانی تاڵیبان لەمبارەوە بە فەرمی هیچیان بڵاو نەکردووەتەوە.

شیرمحەمەد عەباس ستانکری، جێگری مەکتەبی سیاسیی تاڵیبان لە قەتەر ڕای گەیاندووە کاری پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بەردەوامە و حکوومەت و سیستەمی نوێی ئەفغانستان ڕادەگەیەندرێت.

Back to top button