راوێژكارێكی نەوشێروان مستەفا: هیچ كاتێك هێندەی ئێستا لەمێژووی كورد نەبووە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان

خواكوڕك

رێبین هەردی راوێژكاری پێشووی نەوشێروان مستەفا و هەڵسوراوی دیاری گۆڕان، لە وتارێكی دا كە لە واڵەكەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فیس بووك بڵاوی كردۆتەوە دەلێت، لە مێژووی سیاسی ئەم ناوچەیەدا دەگمەنە ئەو ساتەوەختانەی هێندەی ئێستا بارودۆخی ناوچەیی و جیهانی لەباربێت بۆ ئەوەی بەڕاستی دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێت و دەشنووسێت، هیچ كاتیك هێندەی ئێستا كێشەی كورد وەك كێشەی گەلێكی ستەمدیدە كە لەگەڵ ئەوەشدا نەتەوەیەكی دیڕینەم، بەڵام خاوەنی دەوەڵەت نیە، لەلایەن ئەو هەموو بێگانەیەوە دەرك نەكراوە”.

هەر لە وتارەكەی دا رێبین هەردی دەشنووسێت، رەنگە لە مێژووی سیاسی كوردستاندا هیچ كاتێكی زێڕین نەدۆزینەوە كە چەندان قەلەمی عەرەبی و توركی و فارسی بەرگری لە مافەكانی بكەن و داواكانی بە ڕەوا بزانن. گەر دەرفەتێكی لەبار بۆ دەوڵەتی كوردی هەبێت، بێگومان هەرگیز لە ئێستا باشتر دەست ناكەوێت، بەلام مەرجەكانی دەوڵەت تەنیا پابەند نین بە هەلومەرجی دەرەكی و ناوچەییەوە، لە دوای جەنگی جیهانی یەكەم و دوهەمیشدا كە نەخشەی هەموو ناوچەكە گۆرانی بەسەردا هات، و دەرفەتێكی زێرێن بوو بۆ ئەوەی كوردیش بە شتێك بگات، كوردەكان ئەو دەرفەتەیان لە دەستدا و نەیانتوانی بەشێك بن لەو نەخشە سیاسیە و جوگرافیای سیاسیەی ناوچەكە”.

لە وتارەكەی دا هەروەها دەلێت، هەلومەرجی دەرەكی هۆكارێكی گرنگ و یارمەتیدەرە، بەلام بێگومان خاڵی بەهێز و سەررەكی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت پەیوەندی بە ناوخۆی وڵاتەوە هەیە. ئەو كۆمەلگایە تاچەند یەكگرتوو و یەك ریز و یەك دڵە..پیویستی بە كۆبوبونەوە و پشتگیری كۆمەڵگاوە هەیە لەو هێزو كەسایەتیانەی نوێنەرایەتیان دەكەن، هەروەها دەلێت دەی بە پێجەوانەی دۆخی ناوچەیی و جیهانیەوە، كەم ساتەوەخت هەیە هێندەی ئێستا كۆمەلگای كوردی پڕ لە ناكۆكی و ناحەزی بێت و ئەوەندە خەلكی لە نوێنەراكانیەوە نەك هەر دور بن، بەلكو زۆرجار بە ناحەزی سەرەكی خۆشیانی بزانن دەشلێت، كەم ساتەوەخت هەیە هێندەی ئیستا كۆمەڵگای كوردی ئەوەندە پارچە پارچە بووبێت و ئەوەندە خەیال و وێناكانی بۆ دنیا دور بێت لە یەكەوە. ئێمە لە ناكۆكیەكی قوڵدا ئەژین كە تیایدا تەنانەت وێنەیەكی هاوبەشمان بۆ هیچ شتێك نیە.

راوێژكارەكەی نەوشێروان مستەفا دان بە چەند شتێك دەنێت، دەلێت من بروام وایە تا چارەسەری ئەم كێشەیەش نەكریت و كۆمەلگایەكی یەك پارچە و یەكگرتوو دروست نەكرێت، خەونی دەوڵەتی كوردی بێشتە دی، بە زوترین كات دوچاری شكستێكی كوشەندە دەبێت. بەلام ئەم خاڵە چەند نێگەتیڤ و رێگر دێتە بەرچاو، رویەكی پۆزەتیڤیشی هەیە. چونكە مرۆڤ ناتوانێت هەلومەرجی دەرەكی بگۆڕێت، بەلام دەتوانێت گەر ئیرادەیەكی راستەقینە هەبێت، كێشەكانی ناوخۆی چارەسەر بكات و یەكرێزی تەبایی لەناوخۆیدا دروستبكات، هێزی دروستكەری دەولەت لای منیش ئەو هیزەیە كە هەنگاو بەم ئاراستەیە دەنێت.

 

Back to top button