یەکێتیی بەڵێندەران: نزیکەی ھەزار پڕۆژەی ڕاگیراو لە ھەرێمی کوردستان دەستیان بەکار کردووەتەوە

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەران گوتی، لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ھەزار پڕۆژەی ڕاگیراو دەستیان بە کار کردووەتەوە و جگە لەوەش حکوومەت پڕۆژەی نوێ دەداتە بەڵێندەران و جارێکی دیکە کەوتوونەتەوە کار و بەڵێنیشی داوە کە دۆخی ئابووری باشتر بێت و قەرزەکانیشیان دەداتەوە.

بەشار عەلی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەران، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانى راگه‌ياندووه‌: ”ئەوەی گرنگە ئێستا جارێکی دیکە پڕۆژەکانی بەڵێندەران دەستی پێ کردووەتەوە و لەبەر قەیرانی دارایی تا ئێستا ھەندێک کێشەی کۆن ماون، بەڵام بەڵێنمان پێ دراوە کە کێشەکانمان لە وەزارەتی دارایی و بانکەکان چارەسەر بکرێن و پێشتر ھەندێک قەرزی ئێمەیان دەداتەوە، بەڵام ئێستا ئەوە جارێ ڕاگیراوە و بڕیارە دۆخەکە باشتر بێت و دەست پێ بکرێتەوە، کە نزیکەی ملیارێک دۆلارە.”

بەشار عەلی گوتووشيه‌تى: ”ئەو پڕۆژانەی ڕاگیرابوون جارێکی دیکە دەست بە کار دەکەنەوە، چونکە بەھۆی دۆخەکە و قەیرانەکانەوە ڕاگیرابوون، بۆیە ئێستا دەست پێ دەکەنەوە و ئەوەش پێویستی بە ڕەزامەندیی نوێ ھەیە و ناکرێت لەسەر مامەڵەی کۆن بچنەوە سەر کار و ژمارەیەکی زۆر بەڵێندەران گەڕاونەتەوە سەرکاری خۆیان و ئەو پڕۆژانەی ڕاگیراون دەستیان پێ کردووەتەوە.”

عەلی باسی لەوەش کردووه‌: ”پڕۆژە ڕاگیراوەکان دەستیان پێ کردووتەوە و بەشێکیشیان ماون کە زۆر زەروور نین، بۆیە جارێ ئەوانەی پێویستن دەستیان پێ کردووتەوە، چونکە نزیکەی سێ ھەزار پڕۆژەی ڕاگیراو ھەبوو، ئێستا نزیکەی ھەزار پڕۆژە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان دەستیان پێ کردووەتەوە.”

گوتووشيه‌تى: ”حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارەی تەرخان کردووە و پڕۆژەی نوێ دەداتە بەڵێندەران کە لە چەندین سێکتەری جیاوازدان، وەکوو ئاو و کارەبا و کەرتەکانی دیکە و ئەگەر حکوومەت بەردەوام بیت، دۆخەکە باشتر دەبێت، بۆیە ئەوەی دەکرێت ھەنگاوێکی زۆر باشە.”

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەران باسی لەوەش کردووه‌: ”مامەڵە بۆ ئیحالەکردنی پڕۆژەکان ھەندێک خاوە و داواکارین ئاسانکاری بکرێت و پەلە بکرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەکان زوو ڕادەست بکرێن و پێش ئەوەی بگەینە وەرزی زستان بۆ ئەوەی دەست بەکار بکەن، چونکە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان پڕۆژەکان دەستیان پێ کردووەتەوە.”

ئەوەشی خستۆتە ڕوو، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەڵێنی داوە دۆخەکە باشتر بێت و پارەی بەڵێندەران کە قەرزە، بدرێتەوە

Back to top button