بوونى بنكە و بارەگاكانی پەكەكە و بۆردومانی توركیا ژیانی لە سەدان گوندی هەرێمی كوردستاندا نەهێشتووە
چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، تا دێ زیاتر بنكە و بارەگا و خاڵەكانی وەرگرتنی گومرگ و سەرانە سەندن لە هاووڵاتیان، دەهێننە نێو قووڵایی خاكی هەرێمی كوردستانی عێراق و نێو ئاواییەكانی گوندەیلی ناوچە سنوورییەكان و بەشێك لە كەمپەكانی پەنابەران و ئاوارەكانەوە، بەم هۆیەشەوە سوپای توركیاش چ بە بۆردومانی بەردەوام و چ بە لەشكركێشی، تا دێ زیاتر هێرشەكانی فراوانتر دەكات، زەرەرمەندی سەرەكییش لەو شەڕەدا، نە توركیایە نە پەكەكە، بەڵكوو خەڵكی سڤیل و بێتاوان و جووتیار و كاسبكارانی نیشتەجێی ئەو ناوچانەی خاكی هەرێمی كوردستان و ئاوارە و پەنابەرانی نێو كەمپەكانە.
ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسێکی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان بۆ ماڵپەڕی (العربي الجديد) رای دەگەیەنێت، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، لە دوو رۆژی رابردوودا کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بەرفراوانی لە هێزەکانی لە ناوچەکانی سیدەکان و سۆران و زاب و زاخۆ لەسەر سنوور لەگەڵ وڵاتی تورکیادا کردووە، لە چەند هێرشێکی ئاسمانیی تورکیاش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانیان، چەندین کوژراو و برینداریان هەبووە و لەناویاندا بەرپرسی باڵایان تێدایە.
هێزەکانی تورکیا لە 15ی مانگی حوزەیرانی رابردووەوە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی بەناوی (چڕنووکی هەڵۆ) لەناو خاکی عێراق دژ بە پەکەکە دەست پێکرد، کە دەگاتە قووڵایی 40 كم لە خاکی هەرێمی کوردستان، کە زیاتر هێرشی ئاسمانییە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانیان، بەتایبەت لە ناوچەکانی زاخۆ و زاب و شنگال و مەخموور و قەندیل، لەو هێرشانەدا کۆگاکانی چەک و تەقەمەنییان کردنە ئامانجی بۆردومانەکان.
لە 17ی هەمان مانگدا، تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی بە ناوی (چڕنووکی پڵنگ) راگەیاند، کە بەهۆیەوە هێزەکانی تورکیا هاتنە ناو قووڵایی خاکی عێراق، لەو شوێنانەی پەکەکە کردوونیەتی بە بنکەی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر خاکی و تورکیا و بوونەتە شوێنی شەڕ و پێکدادانەکان.
ئێستا هێرشی زەمینیی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی حەفتانین و برادۆست و زاخۆ و زاب و سیدەکان و سۆران، لە باکوور و رۆژهەڵاتی دهۆک بەڕێوە دەچێ.
بەپێی لێدوانی بەرپرسێکی ئەمنی لە هەرێمی كوردستان، چەکدارانی پەکەکە، دوای بۆردومانەکانی فڕۆکەکانی تورکیا و زیانگەیاندن پێیان، چەندین بنکەی سەرەکیی خۆیان گواستووەتە و چوونەتە شوێنی دیکە.
ئەو بەرپرسە ئەمنییە روونیشی دەکاتەوە: ”چەکدارانی پەکەکە خاڵەکانی پاسەوانی و پشکنینەکانیان گۆڕیوە، لە جەولەکانیشیاندا رێگۆڕکێیان کردووە و رێی دیکە بۆ جووڵەکانیان بەکار دێنن، بۆ ئەوەی نەکەونە بەر سێرەی بۆردومانەکانی تورکیا، کە چەندین بەرپرسی باڵایان کراوەتە ئامانج و کوژراون“.
لەلایەكی دیكەوە، میدیاكانی سەر بە پەكەكەش، ناو بەناو باس لەوە دەكەن، زیانیان بە سوپای توركیا گەیاندووە، بەڵام لە هەموو حاڵێكدا ئەو ناچوانەی پەكەكەیان لێیە، ژیانی تێدا نەماوە بۆ دانیشتوانی رەسەنیان، نە كشتوكاڵ و نە گەشتیاری و نە شوانكاری و نە ئاژەڵداری و نە كاسبكاری، لەو ناوچانەدا نەماون و زیانی بوونی پەكەكە بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە و هەرێمی كوردستان، بە ملیۆنان دۆلار دەقەبڵێنرێت.
بەپێی هەواڵێکی (ئەنادۆڵ)ی تورکی، دوێنێ هەینی، بەرپرسانی تورکیا رایان گەیاند، لە هێرشێکیاندا بۆ سەر پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، سێ سەرکردە و بەرپرسی باڵای پەکەکەیان لە ناوچەکانی گارا، قەندیل و شنگال کردووەتە ئامانج و کوژراون.
ئێوارەی دوێنێ هەینی، 3ی 9ی 2021، فڕۆکەکانی تورکیا خێوەتگای مەخمووریان بۆردومان کرد، کە سەرکردە و ئەندامی پەکەکەی تێدان، بە هەمان شێوە، ناوچەی (بارا)ی لە چیای شنگال بۆردومان کرد. رۆژێک پێشتریش، واتە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، فڕۆکەکانی تورکیا (یەکینەکانی پاراستنی شنگال)ی سەر بە پەکەکەی لە شنگال بۆردومان کرد و کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە.
هەروەها رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، سێ کەس لە ناوچەیەکی شاخاویی سەر بە شارەدێی شیلادزێ سەر بە شارۆچکەی ئامێدی کرانە ئامانج، بەڵام ئاماژە بە زیانەکان نەکراوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، جەختی کردەوە، حکوومەتی عێراق سەبارەت بە بوونی هێزەکانی تورکیا لە خاکەکەی، بە ئاراستەی دروست هەنگاو دەنێ.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتی پێشکەشکردنی باسێک لە (ئەکادیمیای دبلۆماسیی نەمسایی) روونی کردەوە، کە عێراق سەبارەت بە بابەتی راوەدوونانی چەکدارانی پەکەکە لەلایەن تورکیا، بە گرتنەبەری ئاراستەیەکی دروستدا دەبینێ، نەک لە پەرچەکردار.
جەختیشی کردەوە، کە پێویستە بۆ چارەسەری کێشەکان رێگای گفتوگۆ بگیرێتە بەر، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”عێراق هەوڵ ئەدا ئەمن و ئاسایش و ئاشتی لەناوەوە و دەرەوە بەرقەرار بکا، کە لەو چەند ساڵەی رابردوودا زۆر پاشەکشەیان کردووە، دوای ئەوەی کە بەغدا شێوازی ململانێی گۆڕی بۆ شێوازی گفتوگۆیەکی بنیاتنەر“.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، حکوومەتی عێراق بە دوو ئاراستە کار دەکات، یەکەمیان دانانی پلانێکی ستراتیژیی ئەمنییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شانەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، دووەمیشیان کردنەوە کەناڵی گفتوگۆیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و لێکتێگەیشتن لەسەر بنەمای هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانمان، لەپێناو خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ.
س: باسنيوز