‎مەرجی چۆنیەتی بۆ بەڕێوەبردن و دانانی بەڕێوەبەران

‎لەو سەردەمە نوێیەدا لە کۆمەڵگەکانی جیهان بابەتی بەڕێوەبردن نەک هەر بۆتە بنەمایەکی سەرەکی بۆ حوکمرانی، بەڵکوو وەک بەشێکی زانستی زانکۆیی بایەخێکی زۆری هەیە و پەیوەندی بە هەموو بەشێک و شتێکەوە هەیە. بۆیە یەکەم شت کە پێویستە بەڕێوەبەرێک سەرەدەرەی لێ دەربکات زانستی بەڕێوەبردنە نەک پلیکانی بەرپرسیارێتی پێشتر و بڕوانامە و خەبات و شەهید و قوربانی و… . بەڕێوەبردن لە هەر ئاستێکدا بێت وێنەیەکی دەوڵەتی بچووکە و پێویستی بە زانستی سیاسەت و بەڕێوەبردن هەیە. بۆ وێنە بەڕێوەبردنی ناحیەیەک لە کوردستاندا بۆ ئەوەی فامی واقیعی هەبێت پتر پێویستی بە زانستی سیاسی، ئابووری، بەڕێوەبردنی و کۆمەڵناسی هەیە نەک یاسازانین و بڕوانامەی چوارساڵەی بەشی یاسا، دەنا تووشی ئۆتیزمی سیاسی-کۆمەڵایەتی دەبێت. لە سەردەمی دەوڵەتی سادە لە عێراق یاسازانین پێوەری دانانی بەڕێوەبەری ناحیە بوو لەبەر ئەوەی ئەوکات نەدەکرا دادگا لە ناحیەدا هەبێت. بەڵام ئێستا پێویستە کاری دادیانەی بەڕێوەبەری ناحیە بدرێتە پۆلیس و دادگا و ناحیە ببێتە هێمای دەسەڵاتی کابینەی حکوومەت. بۆ واری یاساییش پێویستە بەشی یاسا لە ناحیە ئەکتیڤ بکرێت و لقی دادگای ناوەندی شار لە ناحیەکاندا هەبێت. بە واتایەک کاری بەڕێوەبەرایەتی ناحیە ببێتە پێشخستنی کۆمەڵگەی شاری و لادێیی. هەر کات ئەم پێوەر و مەرجانە بوونە دیاریکەری بەڕێوەبەرێکی ناحیە، قایممەقام یان پارێزگار ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە حکوومەت بەرەو شایستەسالاری هەنگاوی ناوە. بەڵام ئەگەر لە جیاتی ئەم پێوەرانە تەنها مەرجی دڵسۆزی و وەفاداری، پسپۆڕگەرایی و ڕابردووی کاری و… بوونە پێوەر ئەوە پڕۆسەی بەڕێوەبردن تەنها دەبێتە بەڕێکردنی ڕۆژانە. چونکە بەڕێوەبەرێک تەنها بەم پێوەرانە ناتوانێت وەڵامگۆ و چارەکاری بەتوانای کێشەگەلی ڕۆژانە بێت. لە ڕاستیدا بەرپرس و بەڕێوەبەری باش دەبێ وەڵامگۆ بێت و توانای شرۆڤە و خستنەڕووی بابەتەکانی هەبێت و لە واری کاری خۆیدا ئاگایی و زانستی تەواوی هەبێت. پێویستە بۆ خۆبەستنەوە بە سەرچاوە زانستییەکانی جیهان جگە لە زمانی کوردی لانی کەم یەک-دوو زمانی برەودار و زیندووی دیکە بزانێت. پێویستە جگە لە واری زانست، ئایکیو و ئاستی هۆشی لەسەرێ بێت و قسەناس و قسەزان و وێژەوەری بە توانا و خاوەن قەڵەم بێت. بەڕێوەبەری باش دەبێ متووی کاری خۆی بێت. ئازا بێت و بە یاسامەداری، دادپەروەری، خەڵکمەداری و شەفافی کار بکات و خەڵک ڕەوتی بڕیارەکانی ئەو ببینن. دەبێ خۆجێیی بێت و لەگەڵ دەرد و دەوای خەڵکی ناوچەکەی ژیابێت و جێی متمانە بێت و بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو بگرێت و هەستی بەشداری لە ناو دڵی خەڵدا بکوڵێنێت و هەلی بەشدارییان پێبدات تاکوو سەرمایەی کۆمەڵایەتی پێک بێت. دەبێ ئامانجە باڵاکانی وڵات و گەل بناسێت و لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکە و خەڵک پەیوەندییەکی هاودڵانەی بە مەبەستی پێشخستنی ئامانجە گشتییەکانی کۆمەڵگە هەبێت. دەبێ بتوانێت سەرچاوە خۆماڵییەکانی ناوچەکەی بناسێت و بە باشی لە بەرژەوەندی خەڵک بارداریان بکات و پاراستنی ژینگە لە بیر نەکات و ڕێگە بە گەندەڵی و خزمسالاری نەدات. بەڕێوەبەری باش لە زۆربەی کارەکان پرس و ڕا بە شارەزایان دەکات و لە کارێک کە سەری لێدەرناچێت خۆ دەبوێرێ. بەڕێوەبەری باش ئەو کەسەیە ئەگەر پۆستێکی لە توانای خۆی بەدەریان پێ سپارد وەرینەگرێت. بەڕێوەبەری باش هەوڵ دەدات دوای ناسینی خاڵە لاوازەکانی خۆی، لە ڕێگەی زانستێکی پۆلێن کراو و بناغەدار بە خێرایی خۆی پێ بگەیێنێت و مێشکی خۆی بە زانستی نوێ پاڕاو و دەوڵەمەند بکات؛ بۆیە بەشێک لە کاتەکانی دوای دەوامی خۆی بۆ خوێندنەوە و وەرگرتنی ئەزموونی کار لە وڵاتانی هاوشێوە و وڵاتانی پێشکەوتوو تەرخان بکات. بەڕێوەبەری باش ئەو کەسەیە کە جگە لە بڵاوکردنەوەی کەلتووری باش لە نێو ژێرکۆمەڵەی خۆی و تۆڕە پەیوەنددارەکەی، هەوڵ دەدات کەسی بە توانا پەروەردە بکات و پێبگەیێنێت و ئەزموونی خۆی بە دڵکراوەیی بگوازێتەوە. هەروەها کەسایەتییەکی خۆهاندەر لە خۆی دروست دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت خۆهاندەری لە نێوان هاوکارانیشیدا ساز بکات. بەڕێوەبەری باش ئەو کەسەیە بتوانێت لە واری کاری خۆیدا لێکۆڵینەوەیەکی زانستی، کە ڕووی زانکۆیەکی باشی هەبێت، پێشکەش بکات. بەڕێوەبەری باش جگە لە شارەزایی یاسایی لایەنی فەرهەنگ دەناسێت و جگە لە ڕووی زانست، قسەیەکیشی بۆ واری هونەر و ئەدەب هەیە. بەڕێوەبەری باش تینووی بڕوانامەی کڕیاری و پێشگر و پاشگری ناو نییە، بەڵکوو مێشکی ئەو تینووی زانستی نوێیە و بە مەبەستی تێراوکردن و گەشەی زانستی تاکەکەسی خۆی بەرەو پەرەسەندنی کەسی دەڕوات تاکوو بتوانێت بە چەک و تفاقی زانست وەک ئەرکێکی زانستی و ئەخلاقی و مرۆیی خزمەتێکی بناغەیی بە خەڵک بکات. بەڕێوەبەری باش ئەو کەسەیە کە لە نێوان کارمەندانیدا بە پێوەری لێهاتوویی جیاوازییان لە نێوان دادەنێت و بە شێوەیەکی دروست کارەکان بەپێی پێوەری لێوەشاوەیی دابەش دەکات و خەڵک بە پارە و پۆست بۆ خۆی ڕاناکێشێت چونکە دەزانێ ئەم کارە داهاتووی نابێت، بەڵکوو بەپێی پێوەری لۆژیکانە و عەقڵانییەت جێی خۆی لە ناو دڵی خەڵکی بە توانا و بەشەڕەف و خاوەن ویژدان دەکاتەوە. بەڕێوەبەری باش دەبێ ڕاست و دروست و جێی متمانە و ڕەوشت بەرز و خاکەڕا و بە عێزەت و هیوادەر و ئارام و قووڵ و سەرسەخت و دڵ نەرم و کراوە بێت. بەڕێوەبەری باش عەودالی وەرگرتنی پۆست نییە و بۆ پلە لە دەرکان نادات. ئەگەر توانای ئەو بینرا و کاری پێ سپێردرا ئەوا بە بەڵێندارییەوە دەیکات ئەگەر نەبینرا لە دەرەوەی بازنەی پلە و پایە بە نووسین و ڕێنوێنی باش ڕاوبۆچوونی دڵسۆزانە و زانستیانەی خۆی دەخاتە ڕوو. ئاساییە کە توانای کەسانی لێهاتوو بە ئاسانی نابیندرێت، لە وڵاتانی بێ سیستەم و دواکەوتوو کەسی بە توانا وەک گەوهەرێکی ناو سەدەف وایە کە لە ناو ئاوێکی شێلوو لە ناو زگی ماسی دایە و بە چاوی سەر بە ئاسانی نابیندرێت.

‎کاروان کەریمخان

Back to top button