حکومەتی هەرێمی کوردستان شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان دەدات

کۆمپانیای شاماران کە لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی ئەترووش پێکەوە لەگەڵ کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی سەرقاڵی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی ئەو کێڵگەیە، رایگەیاند 26 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری وەک شایستەی دارایی هەناردەکردنی نەوت لە مانگی شەشی ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.
کۆمپانیای شاماران رایگەیاندووە لەو پارەیە 9 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار پشکی کۆمپانیاکەیە و ئەوەی دیکە، کە دەمێنێتەوە پشکی کۆمپانیا هاوبەشەکانییەتی.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن، کە لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای سەرکارە رایگەیاند لەبری هەناردەکردنی نەوت لە مانگی شەشی ئەمساڵ 37 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری وەک شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی کارکەر لە کێڵگەی شێخان وەرگرتووە، کە 29 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری پشکی کۆمپانیاکەیە.
کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن روونیکردووەتەوە لەو بڕە پارەیە 6 ملیۆن دۆلاری بۆ قەرەبووی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی کارکەربووە لە کێڵگەی شێخان کە پەیوەستە بە مانگەکانی 11ی ساڵی 2019 تاوەکو مانگی 2ی ساڵی 2020 و حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگ بە مانگ بڕێک لەو شایستە داراییانە دەداتەوە.
کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن رایگەیاندووە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا 50 ملیۆن و 100 هەزار دۆلاری وەک شایستەی دارایی کۆنی کۆمپانیا کارکەرەکانی لە کێڵگەی شێخان لاماوە.
بەهۆی قەیرانی دابەزینی نرخەکانی نەوت لە ساڵی رابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کاتی خۆیدا بدات و ئێستا لە دوای دوو مانگ شایستە داراییەکانیان دەدات.
هەروەها هەر مانگ بڕێک لە شایستەی دارایی کۆنی کۆمپانیا نەوتییەکان دەداتەوە، کە وەک قەرز لای ماوەتەوە.
س:رووداو
Back to top button