سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای پارتی كۆماری گەلی توركیا دەكات
ڕۆژی یەكشەممە ٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای پارتی كۆماری گەلی توركیا (جەهەپە) بە سەرۆكایەتیی ئۆگوز كان سالیجی جێگری پارتی كۆماریی گەلی توركیا كرد.
لە دیدارەكەدا جێگری پارتی كۆماری گەلی توركیا سڵاوی سەرۆكی پارتەكەی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی توركیا ڕایگەیاند كە دیموكراتخوازی دەبێتە هۆكارێك بۆ پێشكەوتنی ناوچەكە و بە پێویستی زانی كە لایەنە دیموكراتییەكانی ناوچەكە پەیوەندیی دۆستانەیان لەگەڵ یەكتر هەبێ بۆ بەدیهاتنی دادپەروەری و پێشكەوتن. هەروەها جەختیشی لە بایەخ و كاریگەریی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە و عێراقدا كردەوە و خوازیاری ئەوە بوو كە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا فراوانتر و قووڵتر ببن.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ڕایگەیاند كە قەدەری گەلانی ناوچەكە ئەوەیە كە لەگەڵ یەكتر بژیین و باشترین ڕێگەش بۆ ئەو ژیانە، برایەتی و ئاشتی و چارەسەركردنی گرفتەكان و بەلاوەنانی زمانی نكۆلیكردنی بەرانبەرە. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە هەموو لایەكمان پێویستیمان بەوە هەیە سوود لە ئەزموون و هەڵەكانی ڕابردوو و وەربگرین و خزمەتی ئاشتی و پێكەوەژیانی نێوان گەلان بكەین.
دوایین پێشهاتە سیاسییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.
جێگەی ئاماژەپێکردنە لەو دیدارەدا فازل میرانی سکرتێر و زەعیم عەلی و جەعفەر ئیمینکی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و هوشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی ناوەندیی پەیوەندییە دەرەکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە بوون.