سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی پەرلەمانی شانشینی ئۆردۆن دەكات
ڕۆژی یەكشەممە ٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز عەبدولمونعم ئەلعودات سەرۆكی پەرلەمانی شانشینی ئۆردۆن و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە دكتۆر مونتەسەر ئەلعقلە باڵیۆزی شانشینی ئۆردۆن لە عێراق و ژمارەیەك پەرلەمانتاری پەرلەمانی شانشینی ئۆردۆن.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی پەرلەمانی ئۆردۆن سڵاوی شا عەبدولڵای پاشای ئۆردۆنی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و پێزانینی خۆی و وڵاتەكەی بۆ خەبات و ماندووبوونی سەرۆك بارزانی و هەروەها قوربانیدانی پێشمەرگە و گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆر ڕاگەیاند و جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە كە سەقامگیری و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و پەیوەندییەكانی هەردوولا لەسەر بنەمای دۆستایەتی و بەرژەوەندیی هاوبەش و سەقامگیریی عێراق بەرفراوانتر ببن. لە درێژەی ئەو كۆبوونەوەیەدا شاندی پەرلەمانی ئۆردۆن ئەوەیان خستەڕوو كە گەلی ئۆردۆن سۆزی تایبەتیان بۆ گەلی كوردستان هەیە و لە ئازار و دۆزی گەلی كوردستان بە باشی تێدەگەن.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئۆردۆنی بە مێژوویی و دۆستانە و نموونەیی وەسف كرد. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بۆ ڕۆڵی شاعەبدولڵا لە بنیاتنانی سەقامگیری و پێشكەوتن و قووڵتركردنی دۆستایەتی نێوان هەردوولا، پێزانینی بۆ هەڵوێستی پاشای ئۆردۆن هەبوو لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش.
تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و بەردەوامیی هەڕەشەی تیرۆر لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.