هەرێمی كوردستان جێگای عێراق بۆ توركیا دەگرێتەوە

خواكوڕك

دیندار نەجمان دۆسكی دامەزرێنەری یەكگرتووی ئیسلامی و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو رایگەیاند، پەیوەندییە ئابوورى و سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا لە ئاستێکى باشدایە رۆژ لە دواى رۆژ پێشڤەچوونى زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى بۆ تورکیا و کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرکۆمار و سەرۆکوەزیرانى ئەو وڵاتە لە کاتێکى هەستیاردا بوو چونکە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە گۆڕانکارى خێرادایە. هەروەها هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لە فڕۆکەخانەى ئەتاتورک لە پێشوازى بارزانى بەڵگەى ئەوەیە کە تورکیا هاوهەڵوێستە لەگەڵ هەرێم”.

لە دیمانەیەكی دا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆلی توركی دیندار دۆسكی كە ئێستا وەك چاودێری سیاسی خۆی دەناسێنێت، دەشلێت، حەشدى شەعبى لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتى دەکرێت بووەتە مەترسى لەسەر ئاسایشى نێودەوڵەتى لە نێویشیان ئاسایشى تورکیا، تەنانەت مەترسى ئەوەش لە ئارادایە کە عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەى کێشە سیاسیی و ئابوورییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان حەشدى شەعبى بەکاربهێنێت

نەجمان دۆسكی هەروەها دەشلێت، تورکیا و هەرێمى کوردستان چەندین ئامانجى هاوبەشیان هەیە لە سەرووى هەموویان ئامانجە سیاسى و ئابوورییەکانە و دواتر بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، لەناوبردنى داعش، کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ و رەققە هەروەها قۆناغەکانى دواى نەمانى داعشە لەو ناوچانە. لە هەمان کاتیشدا دەستپێکردنەوەى پڕۆسەى ئاشتی لە تورکیا. هەموو ئەمانە ئامانجى هاوبەشى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستانن لە ئێستا و داهاتوو کار لەسەر بەدیهێنانیان دەکەن و دەشلێت بەهۆى زاڵبوونى هەژموونى شیعە و دەسەڵاتى ئێران لە عێراق، هەرێمى کوردستان لە رووى سیاسى و ئابوورییەوە بووەتە جێگرەوەى عێراق بۆ تورکیا، ئەمەیش لە بەرژەوەندى تورکیا، هەرێم و تەواوى ناوچەکەدایە، چونکە هەرێمى کوردستان هەم لە رووى نەتەوەیی و هەمیش لە رووى ئایینیەوە جێگەى ئارامى سنوور و ئاسایشى تەواوى تورکیا دەبێت”.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پێشووی یەكگرتوو دەشلێت”دروستبوونى دەوڵەتى کوردى لە دەست خەڵک و سەرکردایەتى سیاسى کورددایە، لە بەرژەوەندى تورکیایە هەرێمى کوردستان ببێتە دەوڵەت، چونکە دەبێتە یەکێک لە باشترین دراوسێکان بۆ تورکیا. لە هەمان کاتیشدا پێویستیشە کورد لەوە تێبگات کە مامەڵەى تورکیا لەگەڵ هەموو کوردێک وەک یەک نییە، تورکیا هەموو گەلى کورد ناخاتە قالبى چەکدارانى پەکەکەوە، هەروەها دەشلێت لە ئێستادا رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەسەر دوو بەرە سوننە و شیعە دابەشبووە، ئێران هەژموونى شیعە بەسەر عێراق، سووریا و چەند وڵاتێکى دیکەدا سەپاندووە و ئاڵۆزى تایفى لەنێوان پێکهاتەکان دروست کردووە، بۆ رێگریکردن لەو هەوڵەى ئێران و، بەهێز هێشتنەوەى بەرەى سوننە لە ناوچەکە هەرێمى کوردستان هاوپەیمانێکى بەهێزى تورکیایە”.

هەروەها دیندار دۆسكی ئێران بەهەرەشە بەسەر ناوچەكە دەزانێت و دەلێت”ئێران وڵاتێکە لەسەر بنەماى مەزهەبى و تایفى دامەزراوە. لە هەمان کاتیشدا کێشەى تایفى و مەزهەبى گواستووەتەوە وڵاتانى سووریا، عێراق، یەمەن، بەحرێن، کوێت و تەواوى ئەو وڵاتانەى پێکهاتەى سوننە و شیعە تێیدا دەژین، تەنانەت بەهێزى سەربازیش دەستیوەرداوە لە کاروبارى ئەو وڵاتانە، ئەمانە هەموو مەترسى و هەڕەشەن بۆ بەرپابوونى جەنگێکى گەورە لەنێوان ئێران و سعوودیە، هەورەها دەشلێت حەشدى شەعبى لە عێراق بەدیلى سوپاى پاسدارانە هەروەها ئاشکراشى دەکات کە زۆربەى ئەو چەکدارانەى ئێستا لە ریزى حەشدى شەعبى و عەسائبى ئەهلى حەق-دان، پێشووتر سەربە پاسدارانى ئێران و هێزە جیا جیاکانى ئەو وڵاتە بوون، ئێستاش بۆ جێبەجێکردنى ئەجێنداى ئێران لە عێراق و سووریا شەڕ دەکەن. ئێران ئەو هێزانەى بەسەر ئەو وڵاتانە بڵاوپێکردووە بەبیانوى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، لە کاتێکدا خۆى یەکێکە لە ئەگەرەکانى سەرهەڵدانى تیرۆر و رەوتى توندڕەوى لە وڵاتانى ناوچەکە”.

لەبارەی دۆخی ناوەخۆی هێزەكانی كوردستان و پەیوەندی بە دەوڵەتانی ئیقلیمی نەجمان دۆسكی دەشلێت”ناکۆکى نێوان حزبەکانى هەرێمى کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەى هەرێم کاریگەرى لەسەر پێگەى کورد هەبووە، چونکە جیاوازى هەیە لە پەیوەندى حزبەکان لەگەڵ وڵاتە هەرێمییەکانى ناوچەکە، هەر لایەنێکى سیاسى هەرێم بەجۆرێک مامەڵە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ دەکات. بۆیە لەو گۆڕانکارییانەى لەبەردەم ناوچەکەدایە کە لەوانەیە عێراق و سووریا دابەش بن بۆ چەند دەوڵەتێک. ئەو کاتە ئەگەر ئەو لایەنە سیاسیانەى هەرێمى کوردستان یەکگرتوو نەبن زیانى گەروە بەهەموو گەلى کورد دەگات”.

دۆسكی بۆ ئاژانسەكە دوو رێگاچارە دەخاتە بەردەم هێزەكانی ناوەخۆی هەرێمی كوردستان و دەلێت  یەکەم رێگەچارە ئەوەیە پارتى و یەکێتى و یەکگرتوو رێکبکەون لەسەر پێکهێنانى حکوومەتێکى نوێ و پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئەمە کاتێک سەردەگرێت کە بزووتنەوەى گۆڕان خۆى ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵبژێرێت. بژاردەى دووەم بۆ چارەسەرکردنى دۆخى چەقبەستووى ناوخۆی هەرێمى کوردستان ئەوەیە هەڵبژاردنێکى پێشوەخت بکرێت یان ئامادەکارى بکرێت بۆ ئەوەى هەڵبژاردنى مانگى ئەیلوولى ئەمساڵ بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت”.

دیندار دۆسکىلەسەر پەكەكە گوتیشی “گەورەترین هەڵە ئەوەیە پەکەکە دەست لە کاروبارى هەرێمى کوردستان وەربدات، ئەم هەڵەیە زیانى بەهەرێم گەیاندووە. بەڕاستى هەرێمى کوردستان جێگەى چەکدارانى پەکەکە نییە، بۆیە دەبێت لە تەواوى هەرێمى کوردستان دەربچن بەشنگالیشەوە”.گوتیشى”کارو چالاکییەکانى پەکەکە لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى کارى سیاسى دەرچووە دژایەتى لایەنێکى دیاریکراو (پارتى) دەکات و کەوتووەتە ژێر کاریگەرى چەند وڵاتێکى هەرێمى ناوچەکە، ئێرانیش بۆ دژایەتیکردنى سوودى لە پەکەکە بینیوە، بۆیە دەبێت پەکەکە خۆى باوەڕ بەخۆى بهێنێت کە مانەوەیان لە هەرێمى کوردستان لە بەرژەوەندى هیچ لایەنێک نییە، چونکە ئاشکرایە ٣٠ ساڵە چەکدارانى پەکەکە خزمەتى دۆزى کوردى ناکەن و تەنانەت بووە هۆى ئەوەى پڕۆسەى ئاشتى بوەستێت”.

Back to top button