تاوانبارێكی مهترسیدار له ههولێر كوژرا، لهو بارهیهوه ئاسایشی ههولێر راگهیێندراوێكی بڵاوكردهوه
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، کەسێکیان کوشتووە کە حەوت کەیسی تاوانی هەیە بە ماددەکانی “تیرۆر، هەڕەشەکردن و کوشتن”.
بەپێی راگەیێندراوی ئاسایشی هەولێر، ئەو کەسە ئێوارەی ئەمڕۆ رێککەوتی 5ی ئەیلوولی 2021 لەناو شاری هەولێر لە گەڕەکی مەهاباد هێزەکانیان هەوڵی دەستگیرکردنیان داوە، “بەڵام تاوانبار بۆ جارێکی دیکە بە چەک و تەقەکردن رووبەڕووی هێزەکانمان بووەوە و دوو کارمەندی دیکەی بریندارکرد و دواتر تاوانباریش لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا کوژراوە”.
ئەو کەسە، وەکو ئاسایشی هەولێر دەڵێت، ناوی “ئەحمەد حەمەدەمین رەسوول”ە، دانیشتووی شاری هەولێرە و داواکراوە لە دادگە بە ماددەی 406. ئاماژە بەوەش کراوە، لە رێککەوتی 23ی ئایاری 2021 “مەفرەزەکانمان لە هەوڵی دەستگیرکردنی بوون، داواکراو تەقەی لێکردوون و دوو کارمەند و هاووڵاتییەکی ئافرەت بە ناوی (ش. و. ر)ی بریندارکردوون و تاوانباریش توانیی رابکات”.
ئاسایشی هەولێر دەڵیت، “دواتریش ئەو کەسە بەردەوام هەڕەشەی لە هاووڵاتییان دەکرد و مەترسی بوو لەسەر گیانی هاووڵاتییان، لە رێککەوتی 18ی حوزەیرانی 2021 هەستا بە کوشتنی هاووڵاتی، فەرهاد جەبار محەممەد و خۆی لە شوێنێکی نادیار حەشاردا”.
ئەو کەسە حەوت فەرمانی دەستگیرکردنی بە ماددەکانی “تیرۆر، هەڕەشە و کوشتن” هەبووە، بۆیە ئاسایشی هەولێر لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کرد و لە ئەنجامدا توانیویەتی “شوێنی تاوانبار دەستنیشان بکات” و ئەمڕۆ کوژراوە.
ئاسایشی هەولێر دەڵێت، هاووڵاتییان دڵنیا دەکەنەوە کەوا “هێزەکانمان هەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی گیان و ماڵیان، هەر کەسێکی دەرچوو لە یاسا رووبەڕووی هێزە یاساپارێزەکان رابوەستێت، ئەوا بە تووندترین شێوە بەرپەرچی دەدرێتەوە”.