وەزارەتی شارەوانی بڕی 132 ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سۆران خەرجکرد

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری دا بە خەرجكردنی زیاتر لە 132 ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سۆران.

وەزارەتی شارەوانی رایگەیاند، پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی شەقام و كۆنكرێتكردنی چەند شوێنێكی تێكچوو لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سۆران جێبەجێ دەكرێت، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بڕیاری دا بە خەرجكردنی گوژمەی زیاتر لە 132 ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی ئەو پڕۆژانە.

بە گوێرەی نووسراوی ژمارە (7947)ی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر رێژەی 15٪ی داهاتی شارەوانییەكان بڕیار درا بە خەرجكردنی گوژمەی 132 ملیۆن و 39 هەزار و 48 دینار، بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی نۆژەنكردنەوەی شەقام لە گەڕەكی هەندرێن، هەروەها نۆژەنكردنەوەی جۆگەی كراوە و كۆنكرێتكردنی شوێنە تێكچووەكانی چەند شەقامێك لە سۆران.

خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە بە گوێرەی یاسا و رێنماییەكانی داراییە بۆ زیاتر خزمەتكردنی شاری سۆران.

 

Back to top button