سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە شاندێکى پارتى گەلى کۆماریى تورکیا کرد
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 2021/9/6 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە شاندێکى پارتى گەلى کۆماریى تورکیا CHP بە سەرۆکایەتیى بەڕێز ئۆغوز کائان سالیجى، جێگرى سەرۆکى پارتەکە کرد.
لە دیدارێکدا شاندەکە باسى لە ئامانجى سەردانەکەى بۆ هەرێمى کوردستان کرد و جەختى لەوە کردەوە کە چارەسەرکردنى کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە، بە دیالۆگ و لێکگەیشتنى نێوان گەلان و پێکهاتەکان دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش پارەتەکەیان جێبەجێکردنى ڕوانگەیەکى دوورمەوداى لەسەر ئەو بنەمایە دەست پێکردووە و هیواى خواست پەیوەندیى باش و لەسەر بنەماى بەرژەوەندیى گەلانى ناوچەکە لەگەڵ هەرێمى کوردستان و پێکهاتەکانى بنیات بنێن و پێکەوە کار بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و ئارامى و سەقامگیرى لە ناوچەکەدا بکەن، هەر لەمبارەیەوە ئاماژەى بە گرنگیى ڕۆڵ و پێگەى هەرێمى کوردستان کرد.
لاى خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى جەختى لە گرنگیى دیالۆگ و لێکگەیشتن و بیروبۆچوونى هاوبەش و دۆزینەوەى ڕێگەچارەى کێشە و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە لەسەر بنەماى یەکترقبووڵکردن و نەهێشتنى ئینکار کردەوە و ئەم سەردانەی وەک سیاسەتێکى تازەى CHP لە قەڵەم دا. بەڕێزیان سوپاسى تورکیاى کرد کە هەمیشە لە تەنگانەدا یارمەتیى خەڵکى کوردستانى داوە و ئاماژەى بە هاوکاریى تورکیا لە کاتى ئۆپەراسیۆنەکانى ئەنفالى 1988دا کرد کە دەرگاکانى بەڕووى خەڵکى کوردستاندا کردەوە و یارمەتی دان. دەربارەى ڕۆڵ و پێگەى هەرێمى کوردستانیش دووپاتى کردەوە کە وەک هەمیشە بە فاکتەرى ئارامى و سەقامگیرى دەمێنێتەوە.
دۆخى گشتى و هەڵبژاردانەکانى داهاتووى عیراق، مەترسییەکانى داعش و پێشبینییەکان بۆ داهاتووى ناوچەکە، چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون.