بارزانی: لەبەر شەڕی داعش ناچاربووم درێژە بە پۆستەكەم بدەم
خواكوڕك
مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكی دا لەگەڵ رۆژنامەی لیمۆندی فەرەنسی رایگەیاند، یاساکەمان ئەوە دیاری دەکات، کە ماوەی سەرۆکایەتی تەنیا چوار ساڵە و یەک جار تازە دەکریتەوە. من دوو جار سەرۆکایەتیم کرد و دووەم جار بەهۆی جەنگی دژ بە داعش ناچاربووم بەردەوام بم. یاسا گرینگیی خۆی هەیە، کەواتە خۆم کاندید ناکەمەوە. لەنێو پارتەکاندا چەندین کەس هەیە، کە دەتوانن خۆیان کاندید بکەن و کەسانی سەربەخۆش دەتوانن خۆیان کاندید بکەن و داوای دەنگی هاووڵاتییان بکەن. دەخوازم هەموو ئەو کاتەی کە لە بەردەستمدا دەبێت، تەرخانی بکەم بۆ پرۆسەی سەربەخۆییی کوردستانی عێراق”.
هەر لە دیمانەكەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی ریفراندۆم دەلێت، ئەمە بابەتێکی زۆر گرینگە و ئێمە ڕێکی دەخەین، هەرچەندە هێشتا ڕۆژەکەیشی دیاری نەکراوە. بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، مافی هەموو میللەتێکە و مافی گەلی کوردیشە. زۆرینەی کوردەکانی عێراق لەگەڵ ئەو چارەسەرەدان، هەروەها لەبارەی دەستێوەردانی ئێران لە كاروباری ناوەخۆی كوردستان سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەلێت، پێوەندییەکی باشمان لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان هەیە، تەنانەت لەگەڵ ئێرانیش. بەڵام ئێمە، نامانەوێت ئێران لەجیانی عێراقییەکان یان کوردەکان بڕیار بدات. ئێمە دژی ئەو کاریگەرییە ڕاستەوخۆیەین، کە ئەم کاریگەرییە بە ڕێی فڵان حزب یان لایەنێک بێتە دی. پێوەندییەکان لەنێوان تاران و حکوومەتی هەرێمدا دوو لایەنین، ئێمە قبووڵی ناکەین، ئێران دەست بخانە ناو کاروباری ناوخۆمان.
لەبارەی رێكەوتنی سیاسی و داهاتووی مووسڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ رۆژنامە فەرەنسیەكە دەلێت”جەنگەکە باش بەرەو پێشەوە دەڕوات، کاتێک بەشی ڕاستی ڕووبارەکە ئازاد بکرێت، دەبیتە سەرکەوتنێکی مەزن دژی داعش. بەڵام ئەمە کۆتاییی بیروڕای تیرۆریزم نییە. لەڕووی سیاسییەوە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەین بۆ دامەزراندنی کۆمیتەیەکی باڵا بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە، بە شێوەیەک کە نوینەرایەتیی هەموو لایەنێک بکات. پێش هاتنی داعش 300 هەزار کورد لە مووسڵ دەژیا و کوردەکان زۆرینەن لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتنێکی مەبدەئیمان دەربارەی مووسڵی پاش داعش هەیە و تا ئێستا نوێنەری کورد لەو پاریزگایەدا هەیە، هەروەها دەلێت لە ئاستی سەربازییەوە هاوکارییەکی باش لە نێوانماندا هەیە، بەتایبەتی لەنێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی و خۆمدا، ئەم پێوەندییە هەر بەردەوام دەبێت، چونکە ئەمە بۆ هەموو لایەک پێویستە. بەڵام دەربارەی دۆسییە ئاڵۆزەکان و کێشەکانی دی، بۆ نموونە دەربارەی کێشەی نەوت، لەگەڵ بەغدا هیچ بەرەوپێشچوونێک لە ئارادا نییە بەڵام ڕێککەوتنێک هەیە سەبارەت بەو ناوچانەی کە پێش 17ی مانگی 10ی 2016، واتە پێش هێرشکردن بۆ سەر مووسڵ ئازادمان کردوون، کە ئێمە لەو ناوچانەدا دەمێنینەوە. بڕیارە ناوچەکانی تری وەک قەرەقووش یان باشیک، بەدەست خەڵکی ناوچەکەوە بن. ئەگەر دانیشتوانی ئەو ناوچانە داوای ڕیفراندۆمیان کرد، ئێمە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین”.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لەبارەی پەكەكە و دەستێوەردانی پەكەكە لە ناوەخۆی هەرێمی كوردستان دەلێت کلیلی کێشەی پەکەکە لە تورکیایە، نەک لە کوردستانی عێراق. دەبێ بە گفتوگۆ و دیالۆگ لەو وڵاتەدا ڕێککەوتنێکی سیاسی بەدەست بهێنرێت. ئەگەر دەستەڵاتدارانی تورک داوامان لێ بکەن، ئێمە ئامادەین یارمەتیی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی بدەین، ئەو پرۆسەیە کە پتر لە دوو ساڵە دەستی لێ هەڵگیراوە. بەڵام ئەو داواکارییە دەبێ لە ئانکارا دەست پێ بکات. هەرچی پێوەندییی بە حەشدی شەعبییەوە هەیە، وەک باستان لێوە کرد، دوو بەشن؛ بەشێکی زۆریان بەدیسپلینن و باش ڕیکخراون و ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەواندا نییە و پیوەندیی باشمان هەیە؛ بەشێکی تریان هەیە، کێشەی بچووک دروست دەکەن، بەڵام ئێمە هەموومان لەو ناوچەیەدا یەک چارەنووسمان هەیە، هەربۆیە دەبێت پێکەوە چارەسەرێک بدۆزینەوە.
لەبارەی هەڵبژاردنەكان لەناوەخۆی هەرێمی كوردستان و وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیەكان بارزانی دەشلێت لە مانگی نۆدا دوو هەڵبژاردن دەبێت؛ سەرۆکایەتی و پەرلەمانی. پاش هەڵبژردنەکانی 2014 ڕێکەوتنێک هەبوو لەنێوان پارتەکاندا بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانییەک و پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوبەش، بەڵام بەشێک لەوان کێشەیان دروست کرد و زیاتر بەروەژوەندیی تاکڕۆییی خۆیان دەخستە پێشەوە. دەنگی هاووڵاتیان، باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی بزانرێت، دەبی کێ دەستەڵات بگریتە دەست”.
لەبارەی ئەگەری راگەیاندی سەربەخۆی كوردستان لە رۆژئاوای كوردستان بارزانی دەلێت، ئێمە پشتگیریی کێشەی کورد دەکەین لە هەموو پارچەکانی کوردستان، بە مەرجێ ئەو کێشەیە تەنیا بەچەک نەدوێ و لە ڕێی توندوتیژییەوە نەبێت.