فراوانبوونی چالاكییەكانی پەكەكە لە دەڤەری سلێمانی، یەكێتی و گۆڕان تووڕە دەكات
جووڵه‌ی په‌كه‌كه له سلێمانی تا دێ زۆرتر ده‌بێت، تەنانەت دەستێوەردانیش لە كاروباری یەكێتیدا دەكات. ئه‌مه جگە لەوەی گرفتی ئیداریی بۆ ناوچه‌كه دروست كردووه و له ماوه‌ی یه‌ك دوو ساڵی رابردوودا، فڕۆكەکانی توركیا له ناوچه‌كانی پشده‌ر و پێنجوێن و ماوه‌ت و ئه‌زمه‌ڕیان داوه، ژمارەیەك لە دیاترین فه‌رمانده‌كانی په‌كه‌كه له سلێمانی كوژراون، وه‌ك (دیار غه‌ریب) ئه‌ندامی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه) له 5ی ته‌مووزی 2019، دۆلاش دێرسیم له 22ی 6ی 2021، هەروەها هه‌ردوو سه‌ركرده‌ی په‌كه‌كه دەمهات عەگید و جەمیل ئامەد له 15ی 10ی 2019 له چیای ئه‌زمه‌ڕ.
دەستتێوەردان
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر و پاش ئەوەی ئاڵدار خەلیل، یەكێك لە سەركردەكانی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان كە بە ناوی سەركردەی (پەیەدە) خۆی پێناسە كردووە، قسەی لەبارەی یەكێتی كرد، سەرچاوەیەك لە مەكتەبی راگەیاندنی ئەو حزبە لێدوانێكی نووسراوی لە میدیای فەرمیی یەكێتییەوە بڵاو كردەوە و تێیدا بە ڕوونی رای گەیاند كە ئەو قسانەی ئاڵدار خەلیل ”نەشیاون و ناڕەوا و بێ ئاست و نەگونجاون“.
هاوكات سەرچاوەكە داوای لەو سەركردەیەی پەكەكە كرد: ”ده‌ربڕینی ئه‌و هەڵوێستە شه‌رمه‌زاری و ناڕاست و دنه‌ده‌رانه، نه پێش و نه دوامان ده‌خات، باشتره ئاڵدار خه‌لیل و پەیەدە هه‌وڵ و هێزیان بخه‌نه گه‌ڕ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفت و ئاڵنگارییه زۆرانه‌ی به‌رده‌م گه‌له‌كه‌مان و ناوچه كوردییه‌كانی سووریادایه و ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی پارته كوردستانییه‌كانی تردا نەكەن“.
ئەم راگەیاندراوەی یەكێتی كە بانگەشەی ئەوە دەكات لە دوای ٨ی تەمووزی ٢٠٢١ەوە خۆی نوێ كردووەتەوە، دەریدەخات كە یەكێتی لە هەوڵدایە كۆتایی بە موجامەلەكردنی ڕووكەشانەی پەكەكە بهێنێت، بەهۆی سرووشتی شەڕخوازیی پەكەكەشەوە، هەر حزبێك موجامەلەی نەكات، ناچار دەبێ لەگەڵیدا بكەوێتە ململانێوە.
جموجۆڵی پەكەكە لە سلێمانی زیادی كردووە
جووڵه‌ی په‌كه‌كه لە سنووری سلێمانی تا دێ زیاتر ده‌بێت، له شارباژێر بنكه و باره‌گایان داناوه و سه‌رانه له خه‌ڵك وه‌رده‌گرن، له پێنجوێن و نزیك مه‌رزی باشماخ مه‌رزی لاوه‌كییان هه‌یه و پاره وه‌رده‌گرن و پاره‌كه‌ش ده‌نێرن بۆ قه‌ندیل، له ماوه‌ی رابردووش‌دا شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان خه‌ڵكی گونده‌كانی پشده‌ر و په‌كه‌كه دروست بوو، هاوكات جووڵه‌ی په‌كه‌كه وای كرد كه توركیا هێڵی ئاسمانیی سلێمانی دابخات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بنكه و باره‌گا و كه‌ناڵی ئاسمانی و ناوخۆیی و چاپه‌مه‌نیی په‌كه‌كه له سلێمانی به ئاشكرا هەن.
لەمبارەیەوە مه‌لا شێخه، ئه‌ندامی یه‌ده‌گی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی گوتی: “هه‌قه په‌كه‌كه ڕەچاوی بوونی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات، نازانین سیاسه‌تی ئه‌وان چۆنه و چی پیاده ده‌كه‌ن؟ ده‌ستوه‌ردان قەبووڵكراو نییه و شتێکی خراپه، ناكرێت ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه بكرێت“.
باسیشی لەوە كرد كە پەكەكە هه‌ندێك سەرپێچیی هه‌یه و له روانگه‌ی خۆیەوه سه‌یری هەرێمی كوردستان دەكات: ”گرنگه په‌كه‌كه پاساو نه‌داته ده‌ست توركیا، ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه ده‌یكات خراپه، به تایبه‌ت ئه‌و هاتنه‌پێشه‌وه‌یان بووه‌ته هۆی شه‌ڕی توركیا و په‌كه‌كه، بوونی په‌كه‌كه پاساوه بۆ له‌شكركێشیی توركیا و به‌شێكی دیكه‌شی توركیا خۆی مل ده‌نێت“.
ئەوەشی نەشاردەوە كە جموجۆڵی پەكەكە لە سلێمانی زۆرە و گوتی: ”فه‌رمانده‌ی سه‌ربازییان دێته ناو ئاوه‌دانییه‌كان، ئەوان له‌م كاره‌یان زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن و زه‌ره‌ر له ئێمه‌ش ده‌ده‌ن“.
بزووتنەوەی گۆڕانیش لە پەكەكە نیگەرانە
عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان رایگەیاند: ”تا دێ په‌که‌که له سنووری هه‌ڵه‌بجه و سلێمانی خۆی به‌هێزتر ده‌کات، رێکخستنەكانی کۆ ده‌کاته‌وه، هیچ حیسابێک بۆ بەرپرسانی حزبی و ئیداری لە سلێمانی ناکات، ئه‌سڵه‌ن په‌که‌که حیساب بۆ هیچ که‌س ناکات“.
ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە پەكەكە دزەیان كردووەتە نێو سلكی سەربازیی سلێمانییەوە و ”بنكە و شوێن و چالاكییان هەیە و حیساب بۆ یەكێتی ناكەن“.
ئەو سەركردەیەی گۆڕان دووپاتی كردەوە، كە كادیرانی پەكەكە: ”ئه‌وه‌ی بیانه‌وێ لە سلێمانی دەیكەن، ئه‌وان هیچ که‌سێك له‌م سنووره به هاوشانی خۆیان نازانن“.
هه‌ڵكشان و داكشانی په‌یوه‌ندیی په‌كه‌كه و یه‌كێتی ناوه ناوه هه‌یه، دوای هێرشی فڕۆكەی توركیا بۆ سه‌ر چیای ئه‌زمه‌ڕ، پەكەكە راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و بەبێ ئەوەی ناوی یەكێتی بهێنێت، بانگەشەی ئەوەی كرد كە “گومان لەوەدا نییە، ئەم گەلەکۆمەیە کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە پێکهاتووە و لە لایەن هەندێک هێزی هەرێمی و نۆکەران و سیخووڕانەوە هاوکارییان کراوە“.
”دەبێ پەكەكە سیاسەتی خۆی بگۆڕێت“
عه‌بدولعه‌زیز حه‌سه‌ن، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له پشكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان گوتی: “ئه‌م هه‌رێمه ده‌سكه‌وتی هه‌وو گه‌لی كورده، ناكرێت په‌كه‌كه بنكه و باره‌گای لێ بكاته‌وه، ئه‌مه به ته‌نیا ده‌سكه‌وتی لایه‌نێك نییه، ئه‌وه‌تا ئاوا‌رەی پار‌چه‌كانی دیكه له باشووری كوردستانن و كوردستان ناوچه‌یه‌كی سەقامگیر و ئارامه و ده‌بێ په‌كه‌كه سیاسه‌تی بگۆڕێت و ئارامیی سلێمانی له‌به‌رچاو بگرێت و نه‌هێڵێت ده‌وڵه‌تانی ده‌وروپشت به بیانووی ئه‌وانه‌وه هێرش بكات”.
دوای ئەم گۆڕانكارییە تازەیەی پەیوەندیی نێوان یەكێتی و پەكەكە، نازاندرێت دۆخی سلێمانی بە كوێ دەگات، لە كاتێكدا ساڵانی رابردوو و لە سەردەمی موجامەلەكردنی ڕووكەشانەی یەكێتی بۆ پەكەكە، پارتی كرێكارانی كوردستان بە شێنەیی زۆر كاری لەنێو كون و كەلەبەرەكانی دەڤەری سلێمانیدا كردووە.
س: باس‌نیوز