سەرۆکی ھەرێمی کوردستان یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆی ئیمزا کرد

ئەمڕۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆی ئیمزا کرد و بڕیاردەری لیژنەی شارەوانییەکانیش دەڵێت، پڕۆسەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ ئەمساڵ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

نزار مەلا غەفار، بڕیاردەری لیژنەی شارەوانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە: “ئەمڕۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەمواری یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆی ئیمزا کرد و فەرمانی ھەرێمیی بۆ دەرکراوە، بڕیارە دوای ئیمزای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاو بکرێتەوە و لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ڕێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەردەکرێت”.

بڕیاردەری لیژنە شارەوانییەکان گوتوشیەتی: “یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ ساڵی ٢٠١٩ لە پەرلەمان دەرکراوە، بەڵام بەھۆی جێبەجێنەکردنی ھەموار کراوەتەوە و ئەمساڵ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

نزار مەلا غەفار ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە: “جێبەجێکردنی یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ کاریگەریی لەسەر ژیانی ھاووڵاتییان دەبێت، چونکە نزیکەی ٣٠٠ ھەزار ھاووڵاتی سوودمەند دەبن لە تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ و کۆتایی بە دیاردەی زێدەڕۆ دێت لە ھەرێمی کوردستان، بێگومان لە ھەمواری یاساکەدا ڕەچاوی ڕەوشی دارایی ھاووڵاتیان کراوە و نرخی تاپۆکردن گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە.”

Back to top button