نێچیرڤان بارزانی: دۆخی هەرێمی كوردستان بەرەو باشی دەروات

خواكوڕك

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ١-٣-٢٠١٧ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی لە ماكسیم ماگسیمۆل باڵیۆزی نوێی ڕووسیا له‌ عیراق و ڤه‌له‌ریان شۆڤایه‌ر جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئەفریكا له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا و شاندێكی كۆمپانیای گاز پرۆم كرد.

له‌ دیدارێكدا ماگسیمۆل خۆشحاڵی به‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی خۆی و ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی له‌م بارودۆخه‌ سه‌خته‌دا هه‌رێمی كوردستان به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، ده‌ربڕی. ئاماده‌یی خۆیشی بۆ گرینگیدان به‌ په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ڕووسیا و سه‌ردانی شاندی هه‌ردوولا له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا نیشان دا و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌م نزیكانه‌دا سه‌ردانێكی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌.

دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ ڕووسیا له‌ لایه‌نی ئابوورییه‌وه‌ بایه‌خێكی زۆر به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات بۆیه‌ هانی كۆمپانیاكانی وڵاته‌كه‌یان به‌گشتی و كۆمپانیای گاز پرۆم به‌تایبه‌تی ده‌ده‌ن له‌ بواری وزه‌دا سه‌رمایه‌گوزاری له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن چونكه‌ له‌م بواره‌دا ده‌رفه‌تی باشی كاركردن له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.

لای خۆیه‌وه‌  سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ی كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ به‌ڕێز باڵیۆزی نوێی ڕووسیا له‌ عێراق له‌ كار و چالاكییه‌كانیدا خواست و په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ڕووسیای دووپات كرده‌وه‌. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ پاڵپشتی كه‌رتی تایبه‌تی وڵاتانی دۆسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بێن له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رمایه‌گوزاری بكه‌ن. جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ به‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری چاكسازیدا ناویه‌تی، دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و باشبوون ده‌ڕوات و ئه‌وكات كۆمپانیا ڕووسییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌توانن سه‌رمایه‌گوزاری و وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ كۆمپانیای گاز پرۆم، ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ گاز پرۆم نه‌ك ته‌نیا كۆمپانیایه‌كی ڕووسی، به‌ڵكو كۆمپانیایه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه‌ و ده‌ستخۆشی لێكردن كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا سه‌رمایه‌گوزارییان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و له‌ داهاتووشدا به‌ هه‌مان شێوه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم پاڵپشتیان ده‌بێت بۆ فراواكردنی كاره‌كانیان.

تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Back to top button