وەزارەتی پەروەردە سێ بڕیاری نوێی دەرکرد
وەزارەتى پەروەردەى حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ بڕیارى دەرکرد بۆ کەمکردنەوەى رۆتین و هەڕەشەى سزادانى هەر فەرمانبەرێک دەکات کە کەمتەرخەم بێت لەرایکردنى کاروبارەکانى .
دەقى بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردە:
١-لە ھەموو ئاستەکانی بەرپرسیارێتی و فەرمانبەرێتی، پێویستە دامەزراوە پەروەردەییەکان و ناوەندەکانی خوێندن، بەشێوەیەکی خێرا و بێ ھیچ دواکەوتنێک کاروباری ھاووڵاتییان و سەردانیکاران لەچوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان بەڕێ بکەن. ئەو کارەی کە یاسا و رێنمایی ڕێگەی پێداوە، دەبێت بە زووترین کات ئەنجام بدرێت. ھەرکارێکیش ڕووبەڕووتان ببێتەوە لەدەرەوەی یاسا و رێنمایی، نابێت سەردانیکار بێ وەڵام بێت. دەبێت بەشێوازێکی کارگێڕی دروست وەڵام بدرێتەوە.
٢- دەبێت بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری پەروەردە و بەڕێوەبەری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، دەوام بەجێنەھێڵن تا دوا نووسراو واژووی لەسەر دەکرێت، لە ڕۆژانی دەوام.
٣- وەزارەت بەشی سکاڵای ئەلیکترۆنی ھەیە، کە ژمارەکانی دیارە و ھەر سکاڵایەک بگاتە وەزارەت لەسەر دواکەوتنی مامەڵەی ھاووڵاتییان یان شێوازی مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ سەردانیکارانی دامەزراوە پەروەردەییەکان و ناوەندەکانی خوێندن لەڕێگەی (بەڕێوەبەرایەتیی بەدواداچوون و بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی لە دیوانی وەزارەت) بەدواداچوونی جددی لەسەر دەکرێت. پاش بەدواداچوون فەرمانبەری کەمتەرخەم لەھەر ئاستێکی بەرپرسیارێتی بێت (تایبەت – ئاسایی) پارێزراو نابێت لە لیژنەی لێکۆڵینەوە و سزای کارگێڕی بەگوێرەی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرت گشتیی ساڵی 1991ـی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.