كۆمپانیای پێرێل پێترۆلیۆم، 250 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەیەکی گازی کوردستان دابین دەکات
كۆمپانیای پێرێل پێترۆلیۆم، کە لە هاوپەیمانی دانەگاز و نەوتی هیلال پێکهاتووە رێککەوتنێکی پارەدارکردنیان بە قەبارەی 250 ملیۆن دۆلار لەگەڵ دامەزاوەی پارەدارکردنی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (DFC) واژۆکرد، کە ئامانج لێی دابینکردنی پارەی پێویستە بۆ فراوانکردنی کێڵگەی گازی کۆرۆمۆر لە هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی راگەیندراوێکی دانەگاز، بڕیارە دامەزراوەی پارەدارکردنی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمهریکی بڕی 250 ملیۆن دۆلار بۆ ماوەی حەوت ساڵ بۆ پیرێل پێترۆلیۆم دابین بکات. تێكڕای گوژمەی پڕۆژەکە 630 ملیۆن دۆلارە، لە رێگەیەوە توانای بەرهەمهێنانی رۆژانە بە رێژەی سەدا 50 بۆ 690 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە بەرزدەکرێتەوە، ئەوەش هاوتایە لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست بۆ گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان.
د. پاتریک ئالمان، وارد سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز لە بڵاوکراوەکە ئاماژەی بەوەداوە، لە پەرەپێدانی کەرتی گاز لە هەرێمی کوردستان شانازی بە هاوبەشەکانیان لە پێرێل پێترۆلیۆم دەکەن، لەسەر ئاستێکی فراواندا، پشکدار دەبن لە پاڵپشتیکردنی گەشەی ئابووری ناوخۆیی، هەروەها جەختیش دەکەنەوە، کە ئەو رێککەوتنە متمانەیان لە ناوچەکە پتەوتر دەکات، بۆ وەبەرهێنان لە ئاستێکی درێژخاینەدا.
دیڤ جاگادیشان، سەرۆکی جێبەجێکاری دامەزراوەی پارەدارکردنی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (DFC) لەو بارەیەوە دەڵێت، وەبەرهێنانی دامەزراوەکەیان لە پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر بە پلە یەك رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەبێت، کە بە شێوەیەکی بەردەوام سوودمەند دەبن لە دابینکردنی وزە، هەروەها ئەو پڕۆژەی گەشەپێدانە گوزارشتە لە بەردەوامی وەبەرهێنانەکانی ئەمهریکا لە هەرێمی کوردستان.
پڕۆژەی “کۆرمۆر 250” یەکەم قۆناغی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرۆمۆرە، دوو هێڵێ بەرهەمهێنانی گاز لەخۆدەگرێت، ئامانج لێی بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانە بۆ ملیارێک پێ سێجای گازی سروشتی لە رۆژێکدا، هاوکات لە مانگی نیسانی رابردوو جارێکی دیکە دەست بەکارەکان کرایەوە، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کارکردن تێیدا وەستابوو، پێشبینی دەکرێت لە مانگی نیسانی 2023 کارکردن تێیدا تەواو بێت و دەست بە پڕۆسەی بەرهەمهێنان بکەن.
تێكڕای خەرجییەکانی کۆمپانیای پێرل پێترۆلیۆم تاوەکو ئێستا لە کۆرمۆر گەیشتووەتە 2 ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری ئەمهریکی، هەروەها 341 ملیۆن بەرمیل نەوتی هاوتای گاز و شلکراوە نەوتییەکان بەرهەمهێنداوە، هاوکات توانراوە بەردەوام بن لە دابینکردنی گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر و چەمچەماڵ و بازیان.
لە رێگەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە پڕۆژەکەوە توانراوە، 42 ملیۆن تۆن دەردانی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن بۆ نێو ژینگە کەمبکرێتەوە، ئەوەش لە رێگەی گۆڕینی سووتەمەنی دیزڵ لە وێستگەکانی کارەبا بۆ سووتەمەنی گازی سروشتی.
ئاستی بەرهەمهێنان لە كێڵگەی کۆرمۆر لە ساڵانی 2018 تاوەکو 2021 بە رێژەی سەدا 45 زیادیکردووە و تێكڕای بەرهەمهێنان بۆ 106 هەزار بەرمیل نەوتی هاوتای رۆژانە بەرزبووەتەوە، ئێستا پڕۆژەکە بە گەورەترین بەرهەمهێنەری گازی کەرتی تایبەت لە تەواوی عێراق ئەژمار دەکرێت.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 بە گوێرەی رێککەوتنێکی نێوان دانەگاز و نەوتی هیلال لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا. کە مافی راستەوخۆی پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی نەوت و گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرۆمۆر و چەمچەماڵ بەو دوو کۆمپانیایە دەبەخشێت.
لە ساڵی 2008 دوای ماوەیەکی پێوانەیی کەمتر لە 15 مانگ پڕۆسەی بەرهەمهێنان دەستیپێکرد. لە ساڵی 2009 هاوپەیمانی نێوان پیرێل پێترۆلیۆم پێکهێندرا، کە دانەگاز و نەوتی هیلال لە خۆدەگرێت، دواتر هەریەکە لە MO،OMV و RWE هاتنە نێو هاوپەیمانییەتییەکە، کە هەریەکە لەو سێ کۆمپانیایە خاوەنداری 10%ی هاوپەیمانییەتییەکە دەکەن.
هاوکات زیاتر لە 500 کارمەند لە پڕۆژەکە کاردەکەن، 85%ـی لە کارمەندی خۆماڵی پێکهاتوون، کە سەجەم پۆستەکاندا رۆڵیان هەیە.
س:k24