تارق حەرب: پارتی و سائیروون دیارترین براوەی ئەم هەڵبژاردنە دەبن

تارق حەرب، شارەزای یاسایی پێشبینیی دەکات لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، زۆرترین دەنگی کورد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت. لە عێراقیش هاوپەیمانی سائیروون.
تارق حەرب، شارەزای یاسایی و دەستووری  راى گەیاند: “پارتی سەلماندی کە تەنیا حزبێکی کورد نییە بگرە بۆ بەرژەوەندیی عێراقیش کار دەکات، سیاسەتی وەزیری دەرەوە فوئاد حوسێن ئەمەی سەلماندووە کە بە رژدی کار لەپێناو بەرژەوەندیی هەموو عێراق دەکات”.
حەرب گوتی: “لێکتێگەیشتن لە نێوان هاوپەیمانیی سائیرون و پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەیە”.
سەبارەت مشتومڕەکانی پەیوەست بە چەمکی گەورەترین فراکسیۆنیش، حەرب روونیکردەوە: “لە هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ناکۆکی لەسەر ئەوەی کام فراکسیۆن گەورەترینە دروست دەبوو، لە 2010دا وێنەکە روون بوو کاتێک هاوپەیمانیی عێراقییە بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی 91 کورسیی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی 89 کورسیی بەدەستهێنابوو، دادگەی باڵاش ئەو ئەنجامانەی پەسند کرد، بەڵام دوای ئەوەی 30 ئەندامی پەرلەمان چوونە پاڵ دەوڵەتی یاسا، ئەم فراکسیۆنەکە بە لێکدانەوەی دادگەکە لەو کاتەدا بووە گەورەترین فراکسیۆن”.
حەرب ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە: “ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە. لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا پاش راگەیاندنی ئەنجامەکان و پەسندکردنیان لەلایەن دادگەی باڵاوە رێگەنادرێت کەس لە فراکسیۆنێکەوە بۆ فراکسیۆنێکی دیکە بگوازرێتەوە، ئەمە بەپێی یاساکە قەدەخەیە، بەڵام رێگەدراوە لەگەڵ فراکسیۆنێکی دیکە هاوپەیمانی دروست بکرێت، بۆ نموونە ئەگەر رەوتی سەدر 70 کورسیی بەدەستهێنا رێگەپێدراو نییە کەسێک بگوازرێتەوە ببنە خاوەنی 71 کورسی، بەڵام دەکرێت، بۆ نموونە، هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن. گواستنەوە شتێکە و هاوپەیمانێتی شتێکی دیکەیە”.
پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، هەر لایەنێک بیەوێت حکومەتی زۆرینە دروستبکات، دەبێت 165 کورسی بەدەستبێنێت، حەرب بە دووری دەزانێت هیچ لیستێک بتوانێ ئەو ژمارەیە لە کورسی بەدەستبێنێت و دەڵێت: “فراکسیۆنی خاوەن زۆرترین دەنگ پاش راگەیاندنی ئەنجامەکان و پەسندکردنیان دەردەکەوێت، ئەم فراکسیۆنەش لە رووی ژمارەوە تاوەکو کاتی پێکهێنانی حکومەت زیاد و کەم ناکات، بە هاوپەیمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت دەبێتە گەورەترین فراکسیۆن. دوای پێکهێنانی حکومەت هەر پەرلەمانتارێک بۆی هەیە لە فراکسیۆنەکەی خۆیەوە بچێتە فراکسیۆنێکی دیکە”.
ئەم شارەزایەی بواری یاسا هانی عێراقییەکان دەدات کە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بە تایبەتی خەڵکی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور، کە بە گوتەی ئەو گەورەترین زیانمەندن و دەبێت لە رێی سندووقی دەنگدانەوە دۆخەکە بگۆڕن. حەرب لەو باوەڕەدایە “ئەو هەڵبژاردنە بە رێژەی 30٪ دۆخی عێراق بگۆڕێت”.
سەبارەت بە پشێبینی خۆی بۆ دەنگی حیزب و هاوپەیمانییەکان. حەرب كه‌ بۆ رووداو قسه‌ى كردووه‌ گوتی: “پێشبینی دەکەم لە نێو کورد پارتی دیموکراتی کوردستان، لە نێو شیعە هاوپەیمانیی سائیروون، لە نێو سوننەکانیش هاوپەیمانیی تەقەدوم زۆرترین کورسی بەدەستبێنن.
وا بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 10-10-2021 بکرێت، لەو هەڵبژاردنە زیاتر لە 24 ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە 1079 بنکەی دەنگدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگ دەدەن.
Back to top button